وەزیری کارەبای عێڕاق، عادل کەریم لە هەولێرە و لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی کارەبا، رۆڵی وەزارەتی کارەبای هەرێمی لەبواری بەرهەمهێنان و سوود وەرگرتن لە گازی بەفیڕۆچوو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەنجامدانی پڕۆژەکانی گواستنەوەی کارەبا گرنگ نرخاند و هەوڵدەدەن سوود لە ئەزموونی کارەبای هەرێمی کوردستان وەرگرن.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە “عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پڕۆژەی پێوەری زیرەک، رۆڵی کەرتی تایبەت لە بواری کارەبا، بەکارهێنانی گازی بەفیڕۆچوو کێڵگە نەوتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای نێوان هەرێم و عێراق شاندێکی ناردووەتە هەرێمی کوردستان”.
روونکراوەتەوە “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا لەگەڵ شاندی وەزارەتی کارەبای عێراق، پۆختەیەکی سەبارەت بە کەرتی کارەبای هەرێم خستەڕوو، ئامادەیی هەرێمیشی بۆ هاوکاریکردنی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانی پیشاندا بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کوردستان و عێراق سوودمەند بن”.









