لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا دوا مۆڵەت دیاری دەکات بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و لاساری یاسایی.

لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند “لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی، لیژنەکە کارەکانی خۆی چالاکتر دەکاتەوە و دوا مۆڵەت بۆ بنەبڕکردنی یەکجارەکی دیاردەی چەکداری و لاساری یاسایی دیاری دەکات، مۆڵەتەکەش لە کاتژمێر 10:00ـی ئەمشەوەوە دەست پێ دەکات و تا کاتژمێر 8:00ـی بەیانی دەخایەنێت.”

ڕاشیگەیاند: لەو چالاکییەدا ھەرچی دیاردەی چەکداری لە چەکی بێ مۆڵەت و جوڵەی چەک و تەقەمەنی  لەدەرەوەی یاسا ھەیە کۆنترۆڵ دەکرێن و دەستیان  بەسەردا دەگیرێت، هەروەها ڕاکردووان و تۆمەتباران بە کەیسی جۆراوجۆری یاسایی دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی دادگاکان دەکرێن.

هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکانی حکوومەت  لەو وادەیەوە ڕادەسپێردرێن ھەموو دیاردەیەکی  نامۆ و ناشارستانی کە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و ژیان و گوزەرانی ئاسایی ھاووڵاتییان، بنەبڕ بکەن.