خەبات: هاوار مورتکەیی:- لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئارجێنتینی و هێرشبەری پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی، لە یاریی رابردووی یانەكەی بەهۆی پێكانەوە نەیتوانی یارییەكە تەواو بكات، نوێترین زانیاریی دەربارەی پێكانەكەی بڵاو كرایەوە و چارەنووسی بۆ یاریی داهاتووی PSG ئاشكرا بوو.

پێگەی لی پاریسیانی فەڕەنسی لە نوێترین هەواڵی دەربارەی لیۆنێل مێسی ئاشكرای كردووە، پێكانی مێسی مەترسیدار نییە، بە دڵنیایی بۆ یاریی پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ لە دژی لایپزیگ ئامادە دەبێت و یاریی دەكات.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، مێسی تەنها هەستی بەكەمێك ئازار كردووە و بۆ ئەوەی پێكانەكەی گەورەتر نەبێت، راهێنەر لە یاریگا هێناویەتییە دەرەوە.

سبەی چوار شەممە، كاتژمێر 11:00 شەو بە كاتی باشووری كوردستان، پاریس سانجێرمان لە گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگ، لە نێو یاریگای رێدبۆڵ ئەرینا رووبەڕووی لایپزیگ دەبێتەوە.