خەبات: شێروان مەلازادە:- لە شارۆچکەی پیرمام چەند خۆبەخشێک فێرگەیهکیان بۆ منداڵانی شەهید و کەمدەرامەتی سنووری پیرمام و دەوروبەری کردۆتەوە، بۆ ئەوهی بتوانن ئهو منداڵانهی ئارەزوومەندی تۆپی پێن بەئارەزووەکانیان بگەن، بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون بەکارو چالاکییەکانیان، رۆژنامهی خهبات دیمانهیهك لهگهڵ هەڵگورد خۆشناو سهرپهرشتیاری فێرگهكه لەراپۆرتێک باسی فێرگەکە ئهنجامدا.
* بەگشی باسێکی فێرگەکەمان بۆبكه؟
ـ ئێمە وەك كۆمەلێك گەنجی خۆبەخش هەستاین بەدروستكردنی، ئەم قوتابخانەی تۆپی پێ بۆ سوودمەندبوون و پێگەیاندنی یاریزانان لە سنوورەكەمان، بە شێوەیەكی ئەكادیمی و دروست، پێگەیاندنی فێرخوازەكان بەوپەریی تێگەیشتن لە وەرزش و تۆپی پێ،كه بە شێكن لە پایە هەرە گرنگەكانی وڵاتان.
* ئامانجتان لهم فێرگهیه چییە؟
ـ دڵخۆشكردنی منالان لە پێش هەموو شتێك لە فێرگەكەمان فێرگەی وەرزشی كۆڕێ _ پیرمام كۆمەڵێك منداڵی شەهیدی شەڕی داعش و منداڵانی هەژار و كەمدەرامەت و منداڵی بێ دایك و باوك هەن، .ئینجا پێگەیاندنی فێرخوازەكان بە شێوەیەكی ئەكادیمی و بەرێكردنیان بۆ یانەكانی كوردستان و عێراقیش، تەنانەت بههرەمەندی وامان هەیە دەتوانێرت لە ئاستی دەرەوهش سوودیان لێوەربگیرێت و ببن بەیاریزانی لێهاتوو و ناودار.
* ئهم كهمپه بۆ چ تەمەنێکە و مەرجەکانی وەرگرتن چییە؟
ـ لە فێرگەكەمان دا 14 ساڵی تاكو 5 ساڵی فێرخوازمان هەیە كە هەر تاكێك لە فێرگەكەمان لەگەلی ئاست و لەگەل تەمەنی خۆیی دا یاریی دەكات و تەمەنەكان بەسەر چەند ئاست و گرووپێك دابەشكراوە بۆ زیاتر فێربوون زیاتر بەرەوپێشچوون، چونكە ناكرێت فێرخوازەكان لەگەل تەمەنی لە خۆی گەورەتر یاری و مەشقی قورس بكات، لەبەر ئەوەی ئەوكات ناگات بە پێگەیشتنی تەواو و فێربوونی تەواو.
* تائێستا چەند فێرخواز سوودیان بینیوە؟
ـ تاكو ئێستا زیاتر 100 فێرخواز سوودمەند بوونە، بەڵام بەهۆی باردۆخی شوێنەكەمان و دووربوون لە وەرزش و باش تێنەگەیشتن لە وەرزش لەگەڵ كرانەوەی دەرگاكانی خوێندنگاكان بەشێك دابران و بەشێكی زۆریش هێشتا بە گڕوتینەوە بەردەوامن لە فێرگەكەمان، بە هیوای داهاتوییهكی روون و گەش، زیاتر لە تەمەنە گەورەكان بەردەوامن و زۆریش بەرەو پێشچوون.
* تەنها کوڕان بەشدارن یاخود کچانیش؟ ئەگەر بەشدار نیین بۆ؟
ـ لە فێرگەكەمان دا ژمارەیەكی زۆر لە فێرخوازی كوڕ هەیە، كە زۆرینەی فێرگەكەمان پێك دەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا ٣ فێرخوازی كچمان هەیە لەتەمەنی ٥ بۆ ٧ ساڵی، هۆكاری كەمیی فێرخوازی كچیش دەگەرێتەوە بۆ ژینەگەی كۆمەڵایەتی.
* سەرچاوەی پاڵپشتیتان کێیە؟
-ھیچ پاڵپشتییەکی فەرمی و لایەنی پەیوەندیدارمان نییە و لەسەر پێی خۆمان وەستاوین، تەنھا چەند ھاوکارییەکی دیاریکراو نەبێ لە لایەن چەند کەسێکی دیار.










