پارێزگاری هەولێر داوا لە خەڵكی شاری هەولێر دەكات، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵیان، ڕێگەی هەولێر – شەقڵاوە بەكار نەهێنن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێگەی (باسنیوز)ەوە پەیامێكی ئاراستەی خەڵكی شاری هەولێر كرد و رایگەیاند: “وەك دەزانن لە ئەنجامی ئەو بارانبارینەی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 30/10/2021، بەشێك لە رێگەكانی دەرەوەی شار گیراون، بۆیە بۆ سەلامەتیی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و هەروەها ڕێگەدان بە گەیشتنی تیمەكانی بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە مەبەستی كردنەوەی شەقامەكە و لابردنی زەرەر و زیانەكان، داوا لە خەڵكی خۆشەویستی شاری هەولێر دەكەین، تا دەتوانن هەندێك ڕێگە بەكار نەهێنن، بە تایبەتیش ڕێگەی هەولێر – شەقڵاوە”.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 29/10/2021، بارانبارینێکی بەخووڕ شاری هەولێر و دەوروبەری گرتەوە و لەهەندێک شوێن لافاو دروست بووە و رێگاکان گیراون.









