خەبات: هاوار مورتكەیی:- مارگریتا نۆڤیكۆڤا Margarita Novikova یەكێكە لە خانمە شەترەنجزانە دیارەكانی وڵاتی ئۆكرانیا و تا ئێستا سێ جار توانیوەتی ناسناوی وڵاتەكەی بەدەست بهینیت، یەكێكە لەو یاریزانانەی هەمیشە حەز بەهێرشی چڕ دەكات بۆ سەر ركابەرەكەی لە رووبەرووبوونەوەكانیدا، و بە یاریزانێكی هێرشبەری شەترەنج ناسراوە، جیا لەمانەش دوو جار بەشداری پاڵەوانیتییەكانی عێراقی كردووە و ئەنجامی هەبووە، لاپەڕەی وەرزش لە دەرفەتێكدا ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ئەنجامدا.
رووحی ركابەری
مارگریتا كە لەساڵی 1983 لە شاری كیێڤ لەدایك بووە، خاوەنی بڕوانامەی ئابووریە لەبارەی ئاشنابوونی بەیاری شەترەند دەڵێت: ئەگەرچی باوكم شەترەنجزانێكی پیشەگەر نەبوو، بەڵام ئەو فێری ئەو یارییە یكردم و بەردەوام هانیدەدام، ئیتر ئەو یارییە تێكەڵ بەژیانم بوو، لەبەر ئەوەی یارییەكی بیركردنەوەیە و رووحی ركابەڕی تێدایە، جیا لەمانەش دەرفەتت پیدەدات لە پاڵەوانێتییە جۆراوجۆرەكاندا لەسەرانسەری جیهان بەشداری بكەیت، كە بەهۆیەوە كەسانێك دەناسی كە جێگای بایەحن.
لە بەغدا یەكەم بووم
ئەو یاریزانە ئۆكراینیە لەبارەی بەشداریی و دەسكەوتەكانی لەسەر ئاستی وڵاتەكەی و دەرەوە گوتی: بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1991 لە پالەوانێتی سەربەخۆیی ئۆكرانیا بەشداریم كرد و دواتر لە ساڵی 2003 بەشداری دەرەوەم كرد لە پاڵەوانێتییەكی ئیمارات كە تایبەت بوو بە ئافرەتان، ئەو دەسكەوتانەی بەدەستمهێناون زۆرن بەڵام تەنها شانازی بەوانە دەكەم كە ئاماژەیان پێدەدەم، سێ جار لە سەر ئاستی ئۆكراینیا بۆ ئافرەتان توانیومە پلەی یەكەم بەدەستبهینم، هەروەها دووجار بەشداری پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بەغدام كرد لە ساڵی 2017 پلەی دووەم و لە لە ساڵی 2018 پلەی سییەم، هەروەها لە پاڵەوانێتی شاریقەی ئافرەتان كە لە ئیمارات بەڕێوەچوو پلەی سییەمم بەدەستهێنا، ئێستاش وەكو مامۆستایەك وانەی شەترەنج لە قوتابخانەدا دەڵێمەوە.
ئامۆژگاری بۆ منداڵان
لەكۆتاییدا مارگریتا خانمە شەترەنجزانی ئۆكرانیا گوتی: هێشتا بەخەونەكەم نەگەیشتووم بەڵام لەرێگام بەرەو هاتنەدی ئەو خەونە، ئێستاش زۆر بەختەوەرم كە شەترەنج فێری منداڵان دەكەم، لێرەوە دەمەوێ ئامۆژگاریان بكەم بەوەی ئەدەبی كلاسیكی شەترەنج بخوینن، و بەشداری زۆرترین پالەوانێتی بكەن، لە كۆتاییدا دەمەوێ ئەو وتەیەی ئەناتۆلی كاربۆڤ بەبیرتان بهێنمەوە كە دەڵێ: شەترەنج ژیانمە، بەڵام ژیانم شەترەنج نییە.










