لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرى کێشەى کەمى بەنزین، دوێنێ یەکشەممە بڕی (540) هەزار لیتر بەنزین گەیشتە وێستگەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان و له‌ دوو ڕۆژی داهاتووشدا ئەو بڕە بۆ دوو بەرامبەر زیاد دەبێت.

فەتاح ڕەحمان حەمەساڵح بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ڕایگه‌یاند: بە گوێرەی نووسراوی ژمارە 11204 کە لە ڕێککەوتی 24/10/2021 کە لە لایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەرکراوە، بەغدا ڕۆژانە 540 هەزار لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و ئەم بڕەش له‌ ڕۆژی 1ی مانگی داهاتوو دەبێتە دوو هێندە، واتە دەبێتە ملیۆنێک و 80 هەزار لیتر بەنزین لە ڕۆژێکدا.

بە پێی ڕێککەوتنەکەى هەردوو وەزیرى سامانە سروشتییەکانى عێراق و هەرێم دەبوو ئەم بڕە بەنزینە لە ڕێکەوتى دیاریکراوەوە بگاتە کوردستان، بەڵام لە ڕێکەوتى 30/9 تا 23/10/2021 هیچ لیترە بەنزینێک نەنێردرا و ئەمەش هۆکار بوو بۆ کەمى بەنزین و گرانبوونى بەهاکەى، بەڵام ئێستا نیو هێندەى بڕى ڕێککەوتن لەسەر کراو دەنێردرێت کە بڕیار وایە بەمزووانە بە تەواوى ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت و ملیۆنێک 80 هەزار لیتر بەنزین بگاتە هەرێم و بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش بکرێت.

فەتاح ڕەحمان حەمەساڵح لەسەر بڕى دابەشکراوى ئەو بڕە بەنزینەی کە بەغدا ئێستا دەینێرێت، گوتى: پێنج تەنکەر بۆ هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و سێ تەنکەری بۆ پارێزگای دهۆک و دوو تەنکەریشی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت و هەر تەنکەرەى 36000 لیتر بەنزینى جۆرى نۆرماڵە و ئەگەر بەنزینى هاتوو گەیشتە ملیۆن و هەشتا هەزار لیتر ئەو دەم ئەم بڕه‌ی پارێزگاکان دەبێتە دوو هێندە، کەواتە ئێستا ڕۆژانە بڕى 180 هەزار لیتر بەنزین دەگاتە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و 108 هەزار لیتر دەگاتە پارێزگاى دهۆک و 72 هەزار لیتریش بۆ پارێزگاى هەڵەبجە دەبێت.

لەسەر نرخى ئەو بەنزینەى کە دەگاتە کوردستان، بەڕێوەبەرى سامانە سروشتییەکان باسى لەوە کرد کە نرخى هەر لیترە بەنزینێکى نۆرماڵ بە 650 دینارە لە پاڵاوگەکان و نرخى کرێى گواستنەوە و کۆگاکردن و پشکنین و عەموولە و چەند وردەکارییەکى دیکەى 40 دینارە، هەر بۆیە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بێ هیچ زیادە خستنەسەرێک بە 690 دینار لەنێو بەنزینخانەکان دەیفرۆشێتەوە بە هاووڵاتییان.

وەزارەتى سامانە سروشتییەکان میکانیزمێکى بۆ دابەشکردنى بەنزینەکە داناوە لە بەنزینخانە ئەهلییەکان کە بە شێوه‌یەکى دادپەروەرانە و بە نۆرە دابەش دەکرێتە سەر بەنزینخانەکان و لە هەر بەنزینخانەیەکیش فەرمانبەرێکى سامانە سروشتییەکان چاودێرى دابەشکردن و جۆر و بڕ و بەهاکەى دەکات تا بە هیچ شێوەیەک پێشێلکاری تێدا نەکرێت بەرامبەر بە هاووڵاتییان و هەروەها مەرجێکیش دیارى کراوە بۆ بەنزینخانەکان بۆ چەسپاندنى ئەم دادپەروەرییە کە ئەویش بەمشێوەیە:-

ـ هیچ بەنزینخانەیەک کە بەنزینى نۆرماڵى حکوومەتى وەرگرت، نابێت بەنزینێکى دیکەى نۆرماڵ بفرۆشێت.

ـ بە هیچ شێوەیەک بەنزینە حکوومییە ئۆکتانبەرزەکە تێکەڵ ناکرێت بە بەنزینی دیکەى نۆرماڵ.

ـ بە هیچ شێوەیەک دەستکارى بەهاى بەنزینەکە ناکرێت و بە شێوەى لافیتە بە ئاشکرا بەها حکوومییەکەى دیارى کراوە.