وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکانیان بەشێوازی چەکەی بانکی وەرگرت.

بەپێی راگەیاندراوێکی سەنتەری میدیا لە وەزارەتی پێشمەرگە : “لە ئەنجامی کاری بەردەوام و هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە وەرگرتنی مووچە بە شێوازی چەکەی بانکی، لەلایەن لیوای یەکی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغێکی تری پرۆسەی چاکسازی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

ئەوەش خراوەتە روو: “ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/10/2021، عەمید توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری سەربازی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح بەڕێوەبەری چاکسازی، بەئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ پاوڵ ڤۆس راوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا و تیمی بەئەلیکترۆنی کردنی مووچەی پێشمەرگە”.

روونیشکراوەتەوە: “لەم کۆبونەوەیەدا، بە ئەنجام گەیشتنی قۆناغێکی نوێی پرۆژەی چاکسازی راگەیەندرا، لەم مانگەوە لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکانیان بە شێوازی چەکەی بانکی وەردەگرن، لەداهاتووشدا لیواکانی دیکەی وەزارەت بە هەمان شێوازی چەکەی بانکی مووچەکانیان وەردەگرن”.

هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە جەختیکردووەتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی و بەپاڵپشتی راوێژکارانی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان پرۆژەی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچە بەرێوەدەبەن.

ئاماژە بەوەش دراوە کە پرۆسەی بەچەککردنی مووچە یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکانی ئەم پرۆژەیە، کە تاوەکوو ئێستا لە یەکە ئیدارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێکراوە، لەم قۆناغەدا لیوای یەک چووەتە ناو ئەم سیستەمە و سەرجەم ئامادەکارییەکانی پێویست بۆ ئەم پرۆژەیە لە رووی رێکخستننی کارەکان و هەماهەنگیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ بانکەکان رێکخراوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی.