فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ داعش هێشتا هەڕەشەیەكی ڕاسته‌قینه‌یه‌ لە عێراق و سووریا.

ئەمڕۆ یەکشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕال جۆن برێنن فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد.

لە دیدارەکەدا دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کرا.

 فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان لە هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، دووپاتیشی کردەوە کە داعش هێشتا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لە عێراق و سووریا.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاوکاری هاوپەیمانانی کرد و جەختی لە گرینگیی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی كردەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ ڕووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لەو ناوچانەدا، گوتیشی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق کاریگەری ئەرێنی دەبێت لە سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی.