تا ئێستا هیچ گرفتێک لە پرۆسەی بەڕێوەچوونی دەنگدانەکەدا نییە و ئامێرەکان بەشێوەیەکی تۆماتیکی کاتژمێر شەشی ئێوارە لەکار دەوەستێت
حەیدەر محەمەد ئەحمەد ، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگهیاند: هەموو ئامادەکارییەکان کراوە و، لە سنووری پارێزگای هەولێر 90 هەزار و 54 دەنگدەری تایبەت هەیە و 25 هەزار و 200 دەنگدەری ئاوارەشمان هەیە کە 90 هەزارەکە دابەشبوونە بەسەر 52 بنکە و ئاوارەکانیش بەسەر 20 بنکە دابەشبوون.
حەیدەر محەمەد ئەحمەد کە لە ناو بنەکەیەکی تایبەت بە ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا قسەی بۆ میدیاکاران دەکرد جەختی لەوە کردە کە پڕۆسەکە تا ئێستا بە بێ گرفت بەرەوپێشەوە دەچێت.
هاوکات بەڕێوەبەری بنکەی عەنکاوە، سیروان محەمەد حوسێن رایگەیاند کە تا ئێستا هیچ گرفتێک لە پرۆسەی بەڕێوەچوونی دەنگدانەکەدا نییە و ئاشکرایشی دەکات کە ئامێرەکان بەشێوەیەکی تۆماتیکی کاتژمێر شەشی ئێوارە لەکار دەوەستێت.
سیروان محەممەد گوتیشی: پرۆسەکە زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت، هەتا ئەو کاتە هیچ گیروگرفێک رووینەداوە و دڵنیاییشیان پێداوین کە ئامێرەکان کێشەیان نابێت،
ئەمڕۆ ئەنجامەکان ئاشکرا ناکرێت.
لەبارەی گرفتی ناو نەهاتنەوەی هەندێک لە دەنگدەرە تایبەتەکان، سیروان محەمەد رایگەیاند، رەنگە هەڵەیەکی تەکنیکی هەبێت و لە شوێنێکی دیکە ناویان هەبێت.
لە کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ ھەینی ھەشتی تشرینی یەکەم، بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی تایبەتی ھێزەکانی ناوخۆ، ئاسایش و ئاوارەکان و بەندییەکان و بەشێک لە نەخۆشخانەکان کرانەوە و پڕۆسەکە تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت و لە هەرێمی کوردستانیش هاوکات پڕۆسەکە دەستی پێکرد.
بەپێی رێککەوتنی نێوان کۆمیسیۆن و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و پارێزگاکان، دەبێت پارێزگاکان ئۆتۆمبێل بۆ هاتوچۆی ئاوارەکان دابین بکەن.









