هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی عێراق، دادەخرێن و گەشتە ئاسمانییەکان رادەگیرێن.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە: داجخستنەکە لە کاتژمێر 9ـی شەوی 9-10-2021 تا کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی 11-10-2021 دەبێت.
ئەحمەد هۆشیار هۆکاری داخستنەکەی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 10-10-2021 گێڕاوەتەوە و رایگەیاندووە: دەستەی باڵای فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق هەموو فڕۆکەخانەکانیان لە داخستنەکە ئاگادار کردووەتەوە.
هەروەک بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاندووە: لەو ماوەیەی فڕۆکەخانەکان دادەخرێن، فڕۆکەخانەی هەولێر 67 گەشتی ئاسمانی هەیە و ”لەگەڵ هێڵە ئادسمانییەکان و دەستەی فڕۆکەوانی لەسەر خەت دەبین بۆ قەرەبووکردنەوەیان“.
پێشتر لێژنەی باڵای ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو: لە رۆژی 9-10-2021ـەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ، هەموو دەروازە سنوورییە وشکانی، ئاوی و ئاسمانییەکانی عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە)، دادەخرێن.









