سەلام عەبدوڵڵا

چوار ساڵ لەمەوبەر، گەلەکەمان بڕیارێکی مێژوویی لە (25)ی ئەیلوولی (2017) دا، کە گشتپرسییەکی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی، ئەنجام بدات و لەو ڕۆژەدا، گەل بڕیاری خۆی بە 92.73٪ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نیشانی هەموو جیهان دا، کە ئەمەش سەرکەوتنێکی بێ وێنە بوو لە مێژووی گەلەکەماندا و شۆکیش بوو بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلەکەمان کە لە ئەنجامی سیاسەتی سەرکوتکەرانەیان هەرگیز بڕوایان نەدەکرد گەلی کوردمان و سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێم ئەو بڕیارە بوێرانە بدەن، چونکە سیاسەتی حکوومەتی عێراقی لە دوای حکوومەتەکەی شێخ مەحمودی نەمرەوە بە هەموو توانای دەیویست بیری سەرفرازی و سەربەخۆبوون لە هەست و دەروون و ویژدانی گەلەکەمان بۆ هەتاهەتایی سڕ بکات و لە باتی بیری عێراقچییەتی و زڕ دروشمی برایەتی کورد و عەرەب بسەپێنێ بە سەرماندا کە بە داخەوە هەندێک سیاسی و بزووتنەوە کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو دروشمە چەواشەکارانەی کە دەیوت عێراق هی هەمووانە کە لەراستیدا هەرگیز لە واقیعدا و بە پراکتیک وا نەبوو.

حکوومەتە جیاجیاکانی عێراق، تا کۆدەتای 1958 بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەدا شتێک بە ناوی نەتەوەی عێراق دروست بکات، ئەویش بە پشتیوانی و بە راوێژی ئینگلیزەکان و ئەو خەونەشی هەر بۆ نەهاتە دی.

دیارە حکوومەتەکانی لەوەودوا، دەیانویست بە زەبری هێز و سوپا بیری سەربەخۆیی بۆ هەتاهەتا لەبیر گەلەکەمان ببەنەوە کە ئەوانیش ئەو هیوایەیان لەگەڵ خۆیان بردە ژێر گڵەوە.

راستە زۆربەی زۆری حزبە کوردییەکان و دانیشتووانی هەرێم لاینگری بیری سەربەخۆیی هەرێم و ڕۆنانی دەوڵەتێکی کوردی بوون، بەڵام بڕیار و سووربوونی سەرۆک بارزانی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو لایەنێک دیار و ئاشکراتر بوو، ئەمەش دوای رێفراندۆم و خەیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر، بە ڕوونی بۆ هەموو لایەک دەرکەوت. هەر بەرز و شەکاوە بێت یادی ئەو ڕۆژە مەزنە.