فەرحان جەوهەر
هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراق لە مانگی داهاتوو، نەک هەر ناتوانێت نەخشەی سیاسی و شێوازی دەسەڵاتداری لە عێراق بگۆڕێت، بەڵکو بەرەو داخراوی و توندوتیژی زیاتری دەبات، ئەگەر ئەو هێزانەی ئێستا دەسەڵاتی عێراقیان بەدەستەوەیە، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار، لەوانەش مانەوەی کاریگەری تارمایی خۆپیشاندانەکانی دووساڵ بەر لە ئێستاو، بوونی سەرۆک وەزیرانێکی تا رادەیەک بێلایەن، وجودی سەربازی ئەمریکی لەسەر ئەرز، وای کردبێت تا رادەیەک رێشمەی ئەو هێزە نارێکخراوانە راکێشێت، ئەوە دوای ئەم هەڵبژاردنە ئەم هۆکارانەش نامێنن، ئەو هێزانە دەبنە خاوەن دەسەڵاتێکی رەها، سڵ لە دەرکردنی هیچ بڕیارێک ناکەنەوە، هەرچەندە لە حاڵەتێکی وا، بەڕێوەبردنی عێراق بەم شێوازە تاکڕەویەی ئەو هێزانە، کاردانەوەی ناوخۆی شەقام و هەرێمی و نێودەوڵەتی لێ پەیدا دەبێت، کێشمەکێشی گەورە بەدوای خۆیدا دروست دەکات، بەڵام باوەڕناکەم، ئەو هێزانە خوێندنەوەیەکی وا بۆ دۆخی عێراق بکەن، ئەگەر ئەم خوێندنەوەشیان هەبێت، لەبەرئەوەی رێشمەکەیان لەدەرەوەی سنوور، بەدەستی خەڵکانی ترەوەیە، هەر دەبێت وا بکەن.
بۆیە بەپێی هەموو ئاماژەو پێدراوە سیاسیەکان، دوای ئەم هەڵبژاردنە دۆخی عێراق بەرەو خرابتر دەڕوات، رۆیشتنی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بەکۆتایی هاتنی ساڵ و وەرگرتنی دەسەڵات لە ئێران، لەلایەن ئەو ئیدارەیەی ئێستا، دوو پێدراوی هەرە خرابن، بۆ دۆخی سیاسی عێراق، هەروەها بردنەوەی هەڵبژاردن لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی دۆخەکە ئێجگار ئاڵۆزتر دەبێت.
هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، لە ئەگەری هاتنی دۆخێکی وادا، هەم شەقامی عێراق و هەمیش بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێماتییەکان رازی نابن بەو واقیعە، بەڵام ئەو هێزانە ئامادەن بۆ ململانێیەکی لەم جۆرە، کە دواجار هاووڵاتیانی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە باجەکەی دەدەن.
مێژووی ململانێی ئەو هێزانەو پێکهاتەکانی و ئەو لایەنەی بەڕێوەیان دەبات، پێماندەڵێت ئەو هێزە لە بوونی ناکۆکی و ململانێ و شەڕیشدا ئەگەر سەریش نەکەوتبێ، هیچ کاتێک ماندی نابێت، چونکە هەر هێز و لایەنێک مێژووەکەی دروشمبازی بێت، ناتوانێت دانیشێ و کاری بەڕێوەبردن و سیاسەت بکات، ئەگەرنا سەیرکەن ئێستا نە ئۆپۆزسیۆنن، نە ئاوارە و دەربەدەرن، نەچەوساوە و زوڵملێکراون، وڵاتێکی پڕخێرو بێری وەک عێراقیان کەوتۆتە دەست، خۆیان تێدا حاکمن و چی بیانەوێت دەیکەن و دەستیان دەکەوێت، بەڵام هێشتا ئەوان ناڕازینە و ناوەستن، حکوومەتی خۆیانە، سەرۆک وەزیران لەخۆیانە، زۆرینەی رەهای پەرلەمانیان لەدەستە، نەک هەر رێگە لەکارکردنی حکوومەتەکەیان دەگرن، بەڵکو رۆژانە هێرشی دەکەنەسەر، ئەمە سروشتی هێز و لایەنی دروشمبازو ئایدۆلۆژیستەکانە، نەک هەر ئەو هێزە باڵادەستەی ئەمڕۆی عێراق وابێت، بەعسیە قەومیەکانیش وابوون عێراقیان لەزاخۆوە تا فاو لەبەردەست بوو، حوکمێکی تاکڕەو و رەهایان هەبوو کەس نەیدەوێرا بڵێت لەل، کەچی خۆیان نەوەستان و هێرشی ناوخۆ و دەرەوەیان دەکرد.
هەموو ئەو هێز و لایەنانەی خەریکی دروشمبازی و ئایدۆلۆژیستن بە عەلمانی و ئیسلامی سیاسی و کۆمەنیستیەکانەوە، ئەهلی دەوڵەتداری نین، ناتوانن ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ خەڵکەکەی دابین بکەن، جگە لە نەهامەتی و شەڕ و ماڵوێرانی نەبێت، هیچ شتێکی تریان بۆ کۆمەڵگا پێ نییە.









