لە سنووری خۆشناوەتی ٦٠ خێزان پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتییەوە کردووە و بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفینیش دەڵێت، دەرگا کراوەیە و ”خەڵکێکی دیکەش بەڵێنیان پێ داوین، دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن.”
ھیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە سنووری بالیسان ٦٠ خێزان پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتیمانەوە کردووە و خەڵکی گوندی سپیلکەی دەڤەری خۆشناوەتین، ئەوانە پێشتر سەر بە یەکێتی و گۆڕان بوون، بەڵام بڕیاریان داوە لەنێو ڕیزەکانی پارتیدا درێژە بە خەبات بدەن، ئەوانە پێشمەرگەی کۆنیان تێدایە و ١٣٥ دەنگیان ھەیە.”
بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین گوتی: “ئەو خێزانانە لە ھەولێر و خۆشناوەتی نیشتەجێن و ھیچ داواکاریشیان نەبووە، بەڵکوو تەنیا بڕیاریان ئەوە بووە بێنە نێو پارتی دیموکراتی کوردستان، بێگومان دەرگای پارتییش بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان کراوەیە.”
ھیوا ئەحمەد مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “خەڵکێکی زۆر پەیوەندی بە پارتییەوە دەکەن، بەڵام لە ترسی نانبڕین و نانەوەی کێشە بۆیان، دەڵێن ئێمە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین و بوونەتە لایەنگری پارتی.”








