ئەمڕۆ یەكشەممە پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك دوو بنكەی نوێی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە شارەكە كردەوە.

مەریوان جەلال كارگێڕی لقی كەركووكی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندوه‌ :  ئێوارەی ئەمڕۆ پارتی لە نزیك فولكەی ئیخوانی گەڕەكی ڕەحیماوای شاری كەركووك، بنكەی هەڵبژاردنی بۆ كاندید شاخەوان عەبدوڵڵا كردەوە، كە كاندیدی پارتییە لە بازنەی یەكی هەڵبژاردنی كەركووك، لە بۆنەكەدا ژمارەیەك لە لایەنگرانی پارتی بە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و وێنەی سەرۆك بارزانی بەشدار بوون.

گوتیشی پارتی لە كەركووك ماوەی چەند ڕۆژێكە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە و بنكەی دیكەی هەڵبژاردنیش بۆ كاندید نەجوە كاكەیی كە لە بازنەی دووی هەڵبژاردنی كەركووك كاندیدە، كردووەتەوە.

ئەوەشی گوت كە پارتی لە ڕۆژانی داهاتوودا بانگەشەكانی زیاتر دەكات بۆ سەركەوتنی هەردوو كاندیدەكەی بۆ ئەوەی ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی كەركووكییەكان لە پەرلەمان، ئیتر ڕۆژانە بەرنامەی تایبەت هەن و كاریان لەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی كاندیدەكانی پارتی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن.

بڕیارە لە 10ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە كەركووك و شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.