ئهمڕۆ له ههولێر، ههڵمهتی بانگهشهی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ههڵبژاردهی عێراق دهستی پێ كرد، له بانگهشهكهدا سهرۆك بارزانی گوتارێكی پێشكهش كرد و ڕای گهیاند له رۆژێكی پیرۆزدا كه یادی شۆڕشی ئهیلووله، كۆبووینهتهوه بۆ ئهوهی ههڵمهتی بانگهشهی ههڵبژاردن بۆ كاندیدانمان بهڕێوه ببهین، هاوكات ههریهك له نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان و مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ئامادهی كهرنهڤاڵی دهستپێكی بانگهشهی پارتین.
دهقی گوتاری سهرۆك بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشك و برایانی بەڕێز
هەڤاڵانی تێكۆشەر
لەم رۆژە پیرۆزەدا رۆژی ١١ی ئەیلوول كە رۆژێكی یەكجار زۆر پیرۆزە، ئێمە لێرە كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی هەڵمەتی هەلبژاردن بۆ كاندیدەكانمان رابگەیەنین.
شۆرشی ئەیلوول تەنیا شۆرشی چەكداری نەبوو، بەڵكوو شۆڕشی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دروستكردنی تاكی كورد و شۆڕشی دروستكردنی تاكێك بوو كە بزانێت خاوەن قەزیەیە و بەرگری لە قەزیەكەی بكات و پلانی دوژمنان پووچەڵ بكاتەوە. شۆڕشێك بوو بووە پەناگەیەك بۆ هەموو خەلكی عێراق، حیكمەتێكی گەورەشی تێدابوو كە شیعاری مەركەزی (دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان) بوو.
ئەم شۆڕشە بناغەی هەموو شۆڕشەكانی كوردە لە دوای ١٩٦١، قوتابخانەیەكی گەورەیە و قارەمانی زۆر گەورەی پێگەیاند، دەستكەوتی گەورەشی بۆ گەلی كوردستان پێگەیاند. لە هەمووی گرنگتر ئەوەبوو كە میللەتی هۆشیار كردەوە و كردی بە میللەتێكی باوەڕ بە خۆبوو.
مانگێك ماوە بۆ هەلبژاردن، تێبینیمان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسییەكان بوو كە هیچ بنەمایەكی عەدالەت و ئینسافی تێدا نییە، بەڵام بۆ ئەوەی سەنگی پارتی بپارێزین، بریارمان دا بەشداری بكەین بە هەموو كەموكوڕییەكان. داوای ئێمە و خەڵكی عێراق ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی بێدەنگ و پاك و بێ ساختەكاری بێ. ئەمە داخوازیی یو ئێن و كۆمەڵگەی نێودەولەتییە و جەختیان كردۆتەوە كە هەوڵدەدەن هەڵبژاردنێكی پاك و خاوێن بێت. بەڵێنیان داوە كە چاودێرییەكی جددی بكەن تا تەزویر نەكرێ. ئومێدەوارین سەركەوتوو بن.
هەڤالان
هەڵبژاردن راستترین و باشترین ڕێگەی گۆڕانكارییە لە دەسەڵات. پارتی خۆی خاوەنی بیرۆكەی هەڵبژاردنە. هەموان لەبیریانە لە نەورۆزی ١٩٩١ و لە كاتی راپەڕینی گەورە، لە شاری كۆیە ئەم بانگەوازەمان ئاراستەی هەموو جیهان و گەلی كوردستان كرد كە دەمانەوێ هەلبژاردن بكەین، لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ شەرعییەتی دەستووری و یاسایی بچین. ئەوكاتە باوەڕ ناكەم كەس بیری لێ كردبێتەوە، بەڵام بۆ ئێمە وەك پارتی بابەتەكە بنەما و باوەڕە، ئێستاش هەر ئاڵوگۆڕییەك لە دەسەڵات بە ڕێگەی دیموكراسی بكرێ، زۆر ئاساییە، بەڵام بە كودەتا ئاڵوگۆڕی ناكرێت.
لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی نەك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو هەموو عێراق بووە حزبی ژمارە یەك، بێگومان ئەمە ئەنجامی زەحمەت و ماندووبوونی هەموو سەركردایەتی و كادیر و لایەنگرانی پارتی بوو، بەڵام پاداشتی گەلی كوردستان بوو بۆ هەڵوێستە نەگۆڕ و دروستەكانی پارتی بوو. ئومێدەوارم ئەمجارەش پارتی هەر بە حزبی ژمارە یەك بمێنێتەوە. هەموو حزبێكیش هەمان شتی دەوێ و پارتیش هەقی هەیە.
بۆ ئەوەی سەركەوتنەكەمان بمێنێت، داوا دەكەم هەموو رێكخستنەكانی پارتی بە جۆش و خرۆشەوە بێنە مەیدان. داوا لە هەموو دڵسۆز و لایەنگرانی پارتی دەكەم بەشدار بن لە هەڵبژاردن. هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە. داوا لە كاندیدانمان دەكەم پابەندی رێنماییەكانی لێژنەی باڵای هەڵبژاردن. داوا دەكەم خۆتان بە دوور بگرن لە تەشهیر و شتی لابەلا.
هەڤاڵانی پارتی
هەروەها خوشك و برایانی خۆشەویست
خەڵكی كوردستان
رەنگە گلەییتان هەبێ و هەقی خۆشتانە، ڕۆژی ئەوەیە گلەییەكان هەڵبگرن بۆ دوای هەڵبژاردن، هەرچی بۆتان بكرێت كەمە بەڵام نابێ بەهۆی گلەییەكانتانەوە دەرفەت بە خەڵكیتر بدەن خوا نەخواستە پارتی تووشی نسكۆیەك ببێت، دەبێ هیممەت بكەن پارتەكەی خۆتان رابگرن و سەریبخەن و نەیەڵن هیچ كەموكوڕییەك بێتە پێش پارتەكەتان.
لە ناو خۆشمان لە كوردستان هیوا دەخوازین هەموو لایەك بەخۆدا بچنەوە، لە جیاتی ئەوەی هەوڵی یەكتر شكاندن و لەناوبردنی یەكتر بدرێ، بیر لەوە بكرێتەوە چۆن خەبات بكرێ و بەرامبەر تەحەدیاتەكان بوەستین.
زۆرمان پێخۆشە بە لێكتێگەیشتن و لەسەر بنەمای شەراكەت و سازان و هاوسەنگی پەیوەندیمان هەبێت. پێموایە كاتی ئەوەیە زۆر بە جددی چارەسەری بنەڕەتی بۆ گرفتەكان بكرێت. بابەتی بودجە دیارییەكی زۆر هەرزانە، مافی هەموو خەڵكە، كێشەی گەلی كوردستان بە تەنیا مووچە نییە، بەڵكوو كێشەیەكە لە كێشەكان، ئێمە خاوەن دۆزێكی سیاسین و نەتەوەیەكین، كێشەی هەرە سەرەكی شەراكەتە كە نەیانهێشتووە. دەبێ ئێمە بچینە قووڵایی كێشەكان، ئەوەش بە تەفاهوم دەكرێ و بیر لە چارەسەری جددی بكرێتەوە دوور لە عاتیفە و تەعەسوب.
دەزانم خەڵكێكی زۆر لە ئایندە نیگەرانن. هەموو میللەتێك مافی هەیە بیر لە ئایندەی خۆی بكاتەوە. من ناڵێم حكوومەتی هەرێم و پەرلەمان بێ كەموكوڕی بوون، كەموكوڕی هەبووە بەڵام شتی زۆر گەورەش كراوە، ئەوانەی داوای گۆڕانكاری دەكەن، زۆر باشە بەلام خۆدەبێت جێگرەوەیەكی باشترمان پێشان بدەن. ناڵێین ئەمەی هەیە بێ كەموكوڕییە، بەڵام با هەوڵبدەین پێكەوە باشتری بكەین و نەیهێڵین. میللەتێك دەبێت لە ئایندەی خۆی نیگەران بێت كە ئیرادەی نەبێ و نەزانێ چی دەوێت.
ئێمە میللەتێكین ئیرادەمان هەیە و دەزانین چ دەكەین، خەڵكیتر چ دەكات و چی دەڵێ كەیفی خۆیانە.
داعش كە پەلاماری كوردستانی دا، سەرۆك بایدن كە جێگری ئۆباما بوو تەلەفۆنی كرد، گوتی ئەگەر ئێمە یارمەتیتان بدەین مقاوەمە دەكەن؟ ئەگەر نایكەن با كونسوڵخانەمان بكشێنینەوە، پێم گوت جەنابی سەرۆك یارمەتیمان بدەن یان نا بەرگری دەكەین. تەسلیمی هیچ زۆردارێك نابین، ئەگەر یارمەتیمان بدەن رەنگە باشتر بێت، بەڵام ئەگەر یارمەتیشمان نەدەن مقاوەمە دەكەین و مەحاڵە بێڵین دوژمن كوردستان داگیر بكات.
بۆ هەموو دونیا سەلما و خۆڕاگریی میللەتەكەمان بوو بە سیمبول. باڵیۆزی فلیپین دەیگوت ناوی پێشمەرگە لە فلیپین پیرۆزە، من لەگەڵ ئەوەم كێشەكان بە لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن، بەڵام بەشی ئەوە رۆڵەی دڵسۆز و پێشمەرگەی قارەمان هەن كە بەهیچ شێوەیەك نەهێڵین جارێكی تر كوردستان بكەوێتە ژێر دەستی بێگانە. لە خوا بەزیاد بێ دۆخی پێشمەرگە ئێستا لە جاران جیاوازە، بەڵام هیچ كاتێك شەڕ خەیارێكی دروست نییە.
هیوادارم سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان خزمەتی زیاتر لە بواری پەروەردە بە هەرێمی كوردستان بگەیەنن، جاران دوژمن بە تۆپ و تانك پەلاماری دەداین، ئێستا بە كەرەستەی دیكە پەلامارمان دەدات و لە هەمووی مەترسیدارتر كە تارادەیەك سەركەوتووش بوون ئەوەیە كە ئینتیمای گەنج بۆ نیشتمان زۆر لاواز كراوە. لەمەودوا دەبێت نەوەی نوێ وا پەروەردە بكرێت كە گیان لە پێناو گەل و نیشتمان هەرزان بێت.
من داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم
ئێوە نوێنەری میللەتن
ئومێدەوارم هەمووتان سەركەوتن بەدەست بهێنن، لە بەغداش كە چوونە ئەوێ، كەم قسە بكەن و زۆر كار بكەن..
لە نێوتاندا ژمارەیەك خوشك و برا هەن كە تابلۆكەی جوانتر كردووە و گرنگی و تایبەتمەندیی پارتی نیشان دەدات. پارتی دار بە ڕووە، نە بە سووتان و نە بە بڕینەوە لەناو ناچێت. ئەوەی خۆی ئامادە كردووە كە پارتی نەمێنێت، با خۆیان ماندوو نەكەن چونكە ئەو رۆژە نابینن، پارتی لەناو ناچێت. تا پارتی مابێت لە خزمەت كورد و كوردستان دەبێت.
لە كۆتاییدا
سڵاوی گەرم بۆ گیانی پاكی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو گەلی كوردستان دەنێرین، هەر سەركەوتوو بن و لە خێر و خۆشیدا بن.








