ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆنسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەولێر رای گەیاند وڵاتەكەیان پابەندە بە پشتیوانیكردنی پەرەپێدان و گەشەی ئابووریی لە هەرێمی كوردستان و خۆشحاڵی بە دابینكردنی 250 ملیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەربڕی.

كۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا كە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)دا بڵاوی كردووەتەوە، ڕای گەیاندووە “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشحاڵە بە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر”.

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە “ئەم پاڵپشتییە دارییە ئەمریکیە دەبێتە هۆی دەستڕاگەیشتن بە گازی سروشتیی پاك و هەرزانتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بواری پیشەسازی بۆ خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان”.

كۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر دەشڵێ “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە پەرەپێدان و گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان”.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی “پێکەوەبوونمان بەرەو باشترمان دەبات”.

جێی باسە دوێنێ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵخۆشی خۆی بە رێککەوتنی نێوان داناگاز و دامەزراوەی پارەدارکردنی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمه‌ریکی دەربڕی، کە 250 ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە بۆ فراوانکردن و پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر.