وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: لەژێر رۆشنایی بریار و راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بریاری راگرتنی سیمكارتی بێ فۆڕم درا و وەزارەتی ناوخۆ ووەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راسپێردرا بۆ وەرگرتنی رێككاری پێویست بۆ قەدەغەكردنی مامەڵكردن بەو جۆرە سیمكارتانە كە هیچ سەرەتایەكیان نیە، بەجۆرێك لەمەودوا تەواوی زانیاری بەكارهێنەر و كڕیار دیاردەبێت.

ڕاشیگه‌یاندووه‌: ئەمەش بەمەبەستی رێگرتن لە تەشەنەكردنی دیاردەكە هەنگاوەكان دەست پێ دەكرێن بۆ بەیاساكردنی مامەڵەی هێلەكانی پەیوەندی لە هەرێمی كوردستان.

له‌ ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ‏‎وەكو هەموو لایەك ئاگادارن ئێمە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە هەماهەنگی تەواو لە لەگەل وەزارەتی ناوخۆ لەماوەی رابردوودا چەندین هەوڵی جدیمان داوە بۆ چارەسەركردنی ئەو دیاردەیە ، لەو بارەیەوە چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدراوە و لیژنەی تایبەتی بۆ دروستكراوە و بە بەشداری ئێمە و نوێنەرانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی وەزارەتی ناوخۆ ، ‏‎لەلایەكی دیكە بەدواداچوون و كۆبوونەوەی بەردەوام هەبووە لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ئەنجومەنی باڵای خانمان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو لەسەر ئەو پرسە و پرسی دیکە پەیوەست بە مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی ومافی ئافرەتان وخانمان بە شێوەیەکی تایبەت . ‏‎

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه‌: لەرۆژانی داهاتوودا بۆ جێبەجێكردنی ئەو راسپاردەیە لیژنەكانی راسپێدراو لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندن كارەكان چرتر دەكەینەوە بە هەماهەنگی تەواوی كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن بەپێی یاسا و رێنماییەكان رێگری دەكەین لە مامەڵەكردن و بەكارهێنانی سیم كارتی بێ فۆڕم و ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی یاسایی بە تەواوەتی رێکدەخری لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.