خەبات: هاوار مورتكەیی:- جۆلیا ئۆسماك خانمە شەترەنجزانی ئۆكرانی دوای ئەوەی پلەی دووەم لەسەر ئاستی ئافرەتانی ئەورووپا بەدەست دەهێنێت، لێدوانێكی تایبەتی بۆ لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات دەدات و وێڕای خۆشحاڵی خۆی، باس لە كەشوهەوای پاڵەوانێتییەكە دەكات.

جۆلیا كە تەمەنی 23 ساڵە و هەڵگری بڕوانامەی گراندماستەری ئافرەتانە دەڵێت: پاڵەوانێتی شەترەنجی ئەورووپا لە شاری یاش لە رۆمانیا بەڕێوەچوو، بەراستی شارێكی جوان و دڵگیرە و پڕیەتی لە شوێنی مێژوویی و كلتووری، هەر لەو شارەش دەمامەوە كە پاڵەوانێتییەكەی تێدا بەڕێوەچوو، هەروەها گوتی: ركابەرییەكی بەهێز لەنیو بەشداربوواندا لە ئارادابوو، پلەی یەكەمم بەدەست دەهێنا بەڵام لە دوا دوو یاریدا بەرامبەر بووم و بەپلەی دووەم دەرچووم، هیچ یارییەكم نەدۆڕاند بەڵام لەو دوو یارییەدا بەخت یاوەرم نەبوو، ئێستاش بەم ئەنجامەم زۆر دڵخۆشم.

پێشبڕكێیەكی قورس
دواتر جۆلیا ئۆسماك Julia Osmak گوتی: یارییەكی ئاست بەرزم پێشكەشكرد و بەگشتی پاڵەوانێتییەكە ورد و بەهێز بوو، لێرەوە دەمەوێ سوپاسی تایبەتی راهێنەرەكەم بكەم كە بەدرێژایی پاڵەوانێتییەكە یاوەرم بوو، هەروەها سوپاسی هەموو خزم و دۆستان دەكەم كە پشتیوانم بوون لەبەدەستهێنانی ئەم ئەنجامە لە پێشبڕكییەكی ئەوها قورسدا، سوپاس بۆ ئێوەش كە ئەو دەرفەتەتان پێدام پەیامی خۆم بگەیەنم.