پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو لە كەمپی قادیای تایبەت بە ئاوارەكانی كوردی ئێزدی لە سێمێل تەقینەوەیەك ڕووی دا، بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لەدەست دا و سێی دیكەش بریندار بوون، ئاسایشی زاخۆ ئاشكرای دەكات كە گومانیان لەوەیە پەكەكە تەقینەوەكەی ئەنجام دابێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢١، شڤان سندی، بەڕێوەبەری ئاسایشی زاخۆ  ئاشكرای كرد، ڕووداوەكەی شەوی ڕابردوو تەقینەوەیەك بووە لە نێو ماڵی ئەفسەرێكی ئاسایش، دوو منداڵ گیانیان لەدەست داوە و سێ كەسی دیكەش بریندارن.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو ڕووداوە پێویستی بە بەردواداچوونی ورد هەیە، لەسەر ئەم بابەتە هەموو لایەك لەسەر هێڵن و ئاسایشی زاخۆ و دهۆك و سێمێل لێكۆڵینەوە دەكەن، تاوەكوو ئەو كەسانە دەستنیشان بكرێن كە رووداوەكەیان ئەنجام داوە.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”ئێمە گومان دەكەین پەكەكە ئەم كارەیان كردبێت، بەڵام پاش ئەوەی ئەو كەسانە دەستنیشان دەكەین، لە ڕاگەیاندراوێكدا وردەكارییەكیە بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا دەكەین“.

هەر ئەو ئەفسەرەی ئاسایش لە لێدوانێكیدا ئەمڕۆ رای گەیاندبوو ”تەقینەوەکە لە رێگەی بۆمبێکی چێندراو بووە، گومان دەکرێت پەکەکە ئەنجامیدابێت، چونکە بۆمبەکە لە نزیک ماڵی نەقیبێکی ئاسایش بەناوی شێخ حەسەن بووە و پێشتر چەکدارانی پەکەکە هەڕەشەیان لەو نەقیبەی ئاسایش کردووە”.

لە لایەن خۆشیەوە خەلیل مەحموود، قایمقامی سێمێل بۆ (باسنیوز) ئاشكرای كرد، هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەی خۆیان دەست پێكردووە، تاوانباران ئاشكرا دەكرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەندرێن، چونكە ”ئەمە كارێكی تیرۆریستییە“.

ڕوونیشی كردەوە، لەو تەقینەوەیەدا وایەر بەكار هێندراوە و تا سیاجی كەمپەكە بە درێژایی ٧٠ مەتر وایەر راكێشراوە، تەقینەوەكە لە ڕێگەی پاترییەكەوە ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە چوار كابینە لەنێو براون و دوو منداڵ گیانیان لەدەست داوە كە یەكێكیان نۆ ساڵ و ئەوەی دیكەیان یەك ساڵانە، جگە لە برینداربوونی سێ كەس و زیانگەیشتن بە ئۆتۆمبێلێك.