سوپای ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەفغانستان و سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکاتە ئامانج.
ئەمڕۆ شەممە 28-8-2021، سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: هێرشەکە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جۆری (Reaper) کراوەتە سەر سەرکردەیەکی داعش لە هەرێمی نانگەهار لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان.
هەروەک سوپای ئەمریکی رایگەیاندووە: ئەو سەرکردەیەی داعش (ناوەکەی ئاشکرانەکراوە)، لەگەڵ چەکدارێک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بوو و فڕۆکەکە، کە ”لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نێردراوە“، کردوویەتییە ئامانج و کوشتوویەتی.
لە بەیاننامەکەدا، ئاماژە بەوەش کراوە، کە ئەو سەرکردەیەی داعش پیلانی بۆ هێرش و کردەی تیرۆریستی دادەڕشت.
ئەو هێرشە دوای دوو تەقینەوە لە کابوڵ دێت، کە داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی راگەیاند.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 26-8-2021، دوو تەقینەوەی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵ روویان دا و بوونە هۆی کوژرانی 90 هاووڵاتیی ئەفغانستان و 13 سەربازی ئەمریکی.
تەقینەوەکان هاوکات بوون لەگەڵ کۆبوونەوی خەلکێکی زۆر لە نزیک فڕۆکەخانە، کە بەهۆی دەست بەسەرداگرتنی وڵاتەکەیان لەلایەن تاڵیبانەوە، هەوڵی چوونە دەرەوە دەدەن.
دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد.









