وهزیرى پهروهردهى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، كاتى دهستپێكدرنهوهى دهوامى قوتابخانهكان به فهرمى ڕاگهیاند.
ئهمڕۆ دووشهممه 23/8/2021 له ههولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵای کرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، باس لە چەند بابەتێکی تایبەت بە خوێندن کرا.
له سەرەتای کۆبوونەوەكهدا باس لە ئامادەکارییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابییان لەناو پۆلەكان کرا، لەگەڵ پابەندبوون بە ڕێنوێنییهكانى تەندروستی و خۆپارێزی لە پهتاى کۆرۆنا.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لهوه کردهوە، حکوومەتى ههرێمى كوردستان پێداویستییەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن دابین دەکات، بۆ ئەوەی لە 14/9/2021 خوێندن لە قوتابخانەکان دەست پێبکات، ئەو ڕۆژهش بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە کرایە بڕیار.
لای خۆیەوە وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان وەک وەزارەت و مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، هەروەها ڕای گەیاند: “ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەكانی خولی یەكەمی پۆلی 12 ڕادەگەیەنرێت”.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە ئامادەکارییەکان كرد بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگهكان و ڕای گەیاند: “خوێندنی باڵا لەماوەی نێوان 1/9/2021 تاوەکوو 25/9/2021 خوێندن دەست پێدەکات لەناو هۆڵەكانی زانكۆ، باسى لهوهش كرد: “بەپێی رۆژژمێری زانکۆیی، زانکۆکان ئامادەکارییەكانیان دەست پێکردووە و بە ڕەچاوکردنی ڕێنوێنییه تەندروستییەکان دەوام دەست پێدەکات”.
دواتر ئامارەکانی توانای زانکۆ و پەیمانگاکانی خرانە ڕوو بۆ وەرگرتنی قوتابییانى نوێ و خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵی خوێندن.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەكەدا بۆچوونەکانی پەیوەست بە قبووڵ مەرکەزی (ناوەندی) خرانە ڕوو لەگەڵ چۆنیەتیی ڕێکخستنەوەی پرسی وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگهکان بە شێوازێک کە لەگەڵ سەردەم و پێویستی بازاڕ بگونجێت، بەشداران جەختیان لە گرنگی خوێندنی پیشەیی كردەوە و هاوڕابوون پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت.











