فەرحان جەوهەر
کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و هاتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، بۆتە جێگای مشتوومڕێکی سیاسی گەوەرە لە سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی دوایی بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنە کارەساتبارانەی فڕۆکەخانەی کابۆڵی پایتەخت، زۆرێک لە خەڵک و چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، ئەمە دەرەنجامی شکستی ئەمریکایە لەو وڵاتە، بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە، بەڵکو بەشێکی بچووکە لەو سیناریۆیەی ماوەی ساڵێکە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەنوسرێتەوە، بۆ چۆنییەتی گەڕاندنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات.
راستە ئەمریکا لە ئەفغانستان ماندوو بوو، زەرەرو زیانێکی زۆر گیانی و ماڵی کردووە و نەیتوانی جێگیربوونی سیاسی و ئەمنی لەو وڵاتە بچەسپێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا هاتنەوەی تاڵیبانی بۆ کۆمەڵێک ئامانجە کە دوایی بیست ساڵ گۆڕانکاری بەسەر بەرژەوەندییەکانیدا هاتووە، گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانەش گەورەبوون و بەهێزبوونی وڵاتی چینە، ئەمریکا بەتایبەتی ئیدارەی جۆبایدن خەویان لێ حەرام بووە بەهۆی گەشەی بەپەلەی ئابووری چین، بۆیە ئێستا خەمی هەرە گەورەیان ئەوەیە چۆن بتوانن رێ لەگەورەبوون و فراوانبوونی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی چین بگرن، چونکە لە دە ساڵی داهاتوودا چین لە رووی ئابووریەوە دەبێتە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی جیهان، ئەمریکا لەو بڕوایەدایە بوونی تاڵیبان لەدەسەڵات کێشە بۆ چین لە رێگای دەستوەردان لە کاروبارییان بەهۆی بوونی کەمینەی موسڵمانانی ئیگۆڕ لەو وڵاتە و جیاوازی ئایدۆلۆژی نێوانیان دروست دەبێت، بۆ روسیا و ئێرانیش بەهەمان شێوە دەبێتە سەر ئێشە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا هەندێک بەڵێنی لە تاڵیبان وەرگرتووە لە بارەی پاراستنی مافی مرۆڤ بە تایبەتی ژنان، بەڵام پێناچێت تاڵیبان پێیانەوە پابەند بێت، لایەکی تری هاوکێشەکە ئەوەیە ئەمریکا باش دەزانێت ئەفغانستان بەبێ تاڵیبان ئارام نابێت، ئەگەر چەندین ساڵی تریش لەو وڵاتە بمێنێتەوە، بۆیە هەر ئەبێت مامڵەی لەگەڵدا بکرێت، داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئەفغان کردبوو، کە رازی ببن تاڵیبان ببێتە بەشێک لە دەسەڵات، بەڵام ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشوو ئەمەی رەتکردبۆوە ، بۆیە ئیدی ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ گەڕاندنەوەی تاڵیبان هەڵکرد.
دۆخی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە دەبێتەوە؟ ئەمە پرسیاری ئەمڕۆی هەموو شەقامی عیراقییە، راستییەک لە سیاسەتی ئەمریکادا هەیە، پێویستە هەموومان بیزانین ئەوەیە، ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی لە کوێن و لەگەڵ کێدایە، ئەوان لەوێن، ئەگەر دۆخی عێراق بەم شێوەی ئێستا بێت و میلیشیاکان هەر بەردەوام بن لە گوشار خستنەسەر بەرژەوەندییەکانی و حکوومەتیش نەتوانی بەرگری لە پێگەی خۆیی و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بکات، هیچ دوور نییە، لە ماوەیەکی کورتدا هەمان سیناریۆش بەشێوازێکی تر لە عێراقیش دووبارە بکاتەوە، رەنگە بپرسن دەبێت چ هێزێک هەبێت بۆ جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتەی عیراق؟ دوور نییە، بەعسیەکان کۆبکاتوە و رێکیان بخات و بیانهێنێتەوە ئەگەرچی رەنگە هێشتا بەعس لە هەموو باشووری عیراق قبووڵکراو نەبێت، بەڵام بە هۆی خراپی ئیدارەدانی حکوومەت و بێ هێزی سەروەری وڵات لە بەرامبەر حوکمی میلیشیاکان، بەشێکی زۆری شەقامی شیعەش لە باشوور بەعسیەکانیان پێ باشرن لەم دۆخەی ئێستا، هەرچەندە لە ئێستادا پێناچێت بەعسیەکان هێزێکی تۆکمە و یەکگرتووبن، بەڵام ئەمریکا بەهاوکاری قەتەر دەتوانێت ئەم کارە بکات، بەمەرجێک دڵنیابن کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل نابن، چونکە ئەمە خاڵی جەوهەری سیاسەتی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر ئەم سیناریۆیەش جێبەجێ نەکەن، رەنگە رێ لە گەشەو سەڕهەڵدانەوەی دووبارەی داعش لەعێراق وەک پێویست نەگرن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق دەرس لەم دۆخەی ئەفغانستان وەربگرێت، بەرلەوەی لێی بقەومێت.









