غازی حەسەن
٧٥ ساڵ تەمەن لەخەبات و قوربانی و ئەرک و بەرپرسیاریەتی و کارکردن لەقۆناغە جیاوازەکاندا هەر بەقسە خۆشە، پارتی سەرکردایەتی دوو سۆڕشی ئەیلول و گوڵانی بەسەرکردایەتی ڕێبەری نەتەوەیی (مستەفا بارزانی) و (سەرۆک مەسعود بارزانی) و دواتریش حوکمڕانی هەرێمی کوردستانی کردووە، کە ئەم قۆناغەی پێ دەچێت لەهەموو قۆناغەکانی دیکە ئاڵۆزتر و پڕ بەرپرسیاریەتی و سەختر بێت. پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو حزبێکی خۆماڵی کوردستانی، دوور لەخواست و داوای ئایدیۆلۆژی و بەرنامەی دەرەکی پێکهاتووە، لەنێوەخۆدا تەعبیر لەخواست و ویست و بەشداری و بوونی هەموو نەتەوە و پێکهاتە و ئاین و چین و توێژ و ڕەگەز و گروپێکی کۆمەڵایەتی جیاواز لە کوردستاندا دەکات، لەهەموو پارچەکانیشدا پارتی بوونی هەبووە و هەیە. واتە پارتی حزبێکی دیموکراسی، سەرتاسەری و فرە پێکهاتەیە، بەکردەوەش فرە پێکهاتەیە، ئەمە لەسەرکردایەتی و پێکهاتەی حزبەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.

پارتی لە کوردستاندا لەهەموو حزبەکانی دیکە لەناوەخۆ و دەرەوەدا کراوەتە ئامانج و دژایەتی دەکرێت، لەهەمان کاتیشدا دۆستەکانی کوردستان بەشێوەیەکی جدی و متمانەیەکی قوڵ و یەکلاکەرەوە لەڕۆلی پارتی و ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی و دەسەڵات و بەها و پێگە و کاریگەری ئەم حزبە دەڕوانن، بە دەربڕینێکی دیکە، هەموو چاویان لەدەمی پارتییە، بێگومان من لەغرور بوونەوە ئەم قسەیە ناکەم، بەڵکو وەکو بەرپرسیاریەتی ئاماژەی پێ دەکەم.

پارتی لەکۆنەوە وەکو حزبێکی حوکمڕان مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەکان کردووە، لەهەمان کاتدا لەدوای ڕاپەڕینیش ئەم حزبە بەکردەوە و هەموو چەمکەکان یەکلابۆتەوە، کە حزبی دەسەڵاتە بەهەموو شێوەکانییەوە، پێیەکی لەحکومڕانی و پێیەکەی دیکەی لەمنەمن و ڕەخنەگرتن و بنکۆڵکردنی خودی دەسەڵات نییە.

پارتی حزبی کورد و کلد و ئاشوری و سریانی و تورکمان و ئێزیدی و کاکەیی و هەقە و تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانە، بەکردەوە نیشانە و هێما و ناسنامەی کوردستانی هەیە. ئەمە لەنێو حزبە سیاسییەکانی دیکەدا کەمتر بەدیار دەکەوێت. بۆیە لەم بوارەشدا پارتی هەمیشە دەکرێتە ئامانج و دەیانەوێت وانیشانی بدەن، پارتی ئەم پێکهاتانەی کردۆتە پاشکۆی خۆی، لەڕاستیدا پێکهاتەکان خۆیان بە کوردستانی دەزانن، بۆیە ئاساییە لەژێر فەلسەفە و تێڕوانینی مێژوویی بارزانییەکان پتر هەست بەئەمان و دادپەروەریی و یەکسانی و ڕێزگرتن بکەن، یان باشترە بڵێم کۆنفدراسیۆنی پێکهاتەی مێژوویی بارزانییەکان دابینکەری ئەم دڵنیایی و ئارامیی و ئاسودەیی و بەشدارییەی پێکهاتە جیاوازەکانە، نابێت لەبیری بکەین دەسەڵات شیرینە، هەموو کەسێکی تێدا کۆ دەبێتەوە.

پارتی لەقۆناغی ئێستادا وەکو حزبی حوکمڕان، نەک هەر بەرپرسە، بەڵکو هۆکاریشە بۆ هەموو باشی و خراپییەک، بۆ هەموو سەرکەوتن و پاشەکشەیەکیش. حزبی حوکمڕان لەبەر ئەوەی هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات و دارایی و ئەمن و دادپەروەریی و بەرژەوەندییەکانی لەژێر دەست دایە، بۆیە ئاساییە کەسانی دڵسۆز، هەڵپەرست، نیشتیمانپەروەر، خۆویستیشی لێ نزیک ببێتەوە، گرنگ ئەوەیە هەموو ئەوانەی لەنێو پارتین ناتوانن ڕێڕەوی سەرەکی و ستراتیژی بیرکردنەوە و سیاسەتی پارتی بگۆڕن، چونکە پارتی یەک سەرکردایەتی و یەک بڕیاردەری فکری هەیە. مەترسن فکری پارتی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو فکرێکی فراوانی بێ وەسفە.

حزبی دەسەڵات هەمیشە کەسانی مشەخۆری تێدا کۆ دەبێتەوە، چونکە ئەم جۆرە کەسانە توانایەکی زۆر کاریگەریان هەیە بۆ خۆخزاندنە نێو کایە چالاکەکانی حزب و دەسەڵات، بەڵام پارتی جەستەیەکی ساخ و ناوەندێکی بڕیاری تەندروستی هەیە، بەشێک لەم جۆرە کەسانە دوور نییە ببنە هۆکار بۆ دروستکردنی دۆخی (مشەخۆری، ڕۆتین، ناشیرنکردن، ساردکردنەوە، شێواندن… تاد)، هەر کاتێک لەشێوەی نەخۆشێ دەرکەوتن، وەکو شێرپەنجەیان لێدێت. دەسەڵات وەکو هەنگوین وایە بۆ هەندێک کەس، بۆیە پارتی نابێت هێندە شیرین بێت، کادر و کەسانی هەڵپەرست تووشی نەخۆشی شەکرە بکات، کە لەشێرپەنجە مەترسیدارترە، بەڵکو پارتی دەبێت ئامۆژگاری ئەوانە بکات خۆیان لەنەخۆشی هەڵپەرستی و مژینی شیرینییەکانی پێگە و دەسەڵات و بایەخی دەسەڵات بپارێزن.

پارتی قوتابخانەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مێژووییە، پێویستە هەمیشە وەکو قوتابخانەیەکی فکری و کۆمەڵایەتی بمێنێتەوە. (کوردایەتی) وەکو چەمکێکی (کوردستانی) بەرفراوان بەکاربهێنێت، لەهەموو پارچەکانی کوردستاندا هاووڵاتیان گرنگی بەتێڕوانین و هەڵوێستی پارتی دەدەن، لەهەمان کاتدا دڵسۆزەکان ڕەخنەی دروستکەریش لەپارتی دەگرن، پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو ناوەندێکی بڕیار، وەکو هێزێکی دەسەڵاتداری دیموکراسی و وەکو قوتابخانەیەکی عەقڵانی قووڵ مامەڵە لەگەڵ ڕەخنەگرتنی دڵسۆزانە بکات. کوردستان پێویستی بە (زیندانی سیاسی و فکری و ڕۆژنامەنووسی) نییە، کوردستان پێویستی بە ژنکوژی نییە، کوردستان پێویستی بەدووبەرەکی و دابەشبوون و ناکۆکی خۆبەخۆ نییە.تەنیا شتێک دەسەڵات و هەرێم و حزب بپاریزێت دادپەروەریی و مرۆیی بوون و کرانەوە و ئازادی و دیموکراسییە.

پارتی دوا حزبە، یەکەم حزبیشە ڕاشکاوانە ترسی باسکردنی دەوڵەتی کوردی تێکشکاند، پارتی بەدروشمی دەوڵەتی کوردستانی دەستی پێ نەکردووە، بەڵام بەپێی هەڵومەرجی سیاسی نێودەوڵەتی، ئەو دۆخە تۆقێنەرەی تێکشکاند، کە ناوهێنانی (کوردستان) بڤە بوو، ئەم جارە ڕاشکاونە لەگوتارێکی ئاشکرا، بەزمانی جیاواز پرسی دەوڵەتی کوردستانی بێ منەمن و خۆخواردنەوە و بادانەوە گووت. ناوهێنانی “دەوڵەتی کوردستان” لەسەر زاری سەرۆک بارزانی، بەواتای داڕوخاندنی دیوارێکی گەورەی ترسناکی سەدان ساڵەیە، نەک دوژمنەکانی کوردستان، بەڵکو دۆستەکانیشی ئەم دەربڕین و دەستەواژەیان پێ هەزم نەدەکرا، ئێستا دەوڵەتی کوردستانیی لەلایەن دوژمنەکانیش ئاماژەی پێ دەکرێت، ئەمە نیشانەی تێکشاندنی دۆخێکی ترسناکە. تێکشکاندنی ترس، لە بیناکردن قورسترە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە سی ساڵ حوکمڕانیدا، لەهەموو لایەنەکانی دیکە پتر هێرشی کراوەتە سەر، لەهەموو لایەنەکانی دیکەش پتر ئارام و یەکگرتوو و بێ کێشەی ناوەخۆیی بووە، بەستراتیژێکی جێگیر و نەگۆڕ و بەردەوام کاری کردووە. ئەمەش نەبۆتە هۆکار بۆ ئەوەی پارتیش تووشی نەخۆشی حکومڕانی نەبێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو پاراستنی حوکمڕانی و کیانی هەرێمی کوردستان پێویستی بەچاکسازیی، دادپەروەریی و دیموکراسی کۆمەڵایەتی و سیاسی قووڵترە، لەپێناو مانەوەی هەرێم، پێویستی پتری بەدادگایەکی پتەوی پیشەیی و کارایە، پێویستی بەچارەسەری دادپەروەریی دارایی و باشتکردن گوزەرانی هاووڵاتیان و نەهێشتنی گەندەڵی و ڕۆتین و بە‌هێزکردنی حکومەتێکی بە‌هێزی یەکگرتووی کارایە.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە، چیتر خەڵک وەکو سەردەمی خەباتی چەکداری و قۆناغی شۆڕش نایژینێت، بەڵکو ئەو خەڵک دەژینێت، واتە ئەرک و چەمک و تواناکانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. پارتی سی ساڵە حزبی شۆڕش و خەباتی چەکداری نییە، بەڵکو حزبی یاسا و ئیدارە و دەسەڵات و تێکۆشانی دەستورییە. پێویستە دەسەڵاتێکی باوکانە پەیڕەو بکات، حزبەکانی دیکە، گروپە سیاسییەکان، لایەنە توڕەکان و ئارامەکان هەموویان چاویان لەگەورەیی پارتییە، وەکو سۆزێکی باوکانە و دەسەڵاتێکی دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، هیچ ئەرکێکیش لەئەرکی باوکایەتی قورستر و بەئازارتر و پڕ کێشەتر نییە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەیادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی چی دیکە پێویستی بەستایش و هەقایەتی سۆزدارانە و گێڕانەوەی دووبارە نییە، پارتی لەکەش و دونیایەکی جیاواز لەقۆناغی سەرەتایی دەژیت، پارتی بەتەنیا ناوەندێکی بڕیاریی ناوەخۆیی سادە و کاتی نییە، بەڵکو جێگەی متمانەی وڵاتە بە‌هێز و گەورە و خاوەن بڕیارەکانی دونیاشە، بۆیە نابێت وەکو پێکهاتەیەکی ناوەخۆیی گۆشەگیر مامەڵە بکات، ئەم گریمانەیەش ئەرکی پارتی ئاڵۆز و قورس و هەمەلایەنە دەکات. دۆست و دوژمنەکانیش هەمیشە سەیری هەڵوێست و دوا بڕیاری پارتی دەکەن، پارتی تاکو ئێستاش خۆی بێت، یان خوای پارتی بێت سەرکەوتووە، هەر چەندە بەهەزاران ڕەخنەی ئاراستەش دەکرێت، هەندێک لەڕەخنەکانیش شایەنی پێشوازی لێکردنن، گرنگ لەکۆتایدا نابێت پارتی غرور بێت، پارتی بەتەنیا و تەنیایی سەرکەوتوو نابێت، پێویستە ئەم یادە بکرێتە هۆکاریک بۆ یەکخستنەوەی گوتاری کوردستانی، یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردی و بەهێزکردنەوەی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان.

پارتی لەیادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی پێویستە وەکو باوکێکی بەئەزموون، دادپەروەر، دڵفراوان و هەقبێژ لایەنەکان کۆ بکاتەوە و هاووڵاتیان ئاشت بکاتەوە، لەدوای ڕووداوەکان هەڵوێستی نەبێت، بەڵکو پێش ڕووداوەکان چارەسەری کێشەکان بکات، چونکە قۆناغی دەسەڵات قۆناغێکی غەدارە.