سەلام عەبدوڵڵا

وا حەوت ساڵ بەسەر جینۆسایدی خوشک و برا ئێزدییەکاندا تێپەڕی و پەرلەمانی عێراق کڕوکپە بەرامبەر ئەوکارەساتە مەزنە و خۆی لە گێلی دەدا.

ئەمە لە کاتێکدا، دەبوو پەرلەمانی عێراق و دەسەڵاتدارانی، یەکەمین وڵات بن بۆ شەرمەزارکردن و ئیدانەکردنی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بە بەرچاوی سوپای عێراق و هێزە چەکدارەکانییەوە روویدا و ئەوان هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، ئەمە لە کاتێکدا، وەک وڵاتێک کە خاوەنی هێزی چەکدار و چەکی مۆدێڕنی ئەمریکی بوو، دەیتوانی رێگری لەو کۆمەڵکوژییە بکات کە نەیکرد و هەر پاساوێکیشی هەبێت بۆ ئەو بێ هەڵوێستییەی، ئەوا لای خوشک و برا ئێزدییەکان بەدەرد ناخوات.

با وای دابنێین کە سوپای عێراق لە موسڵ بەرگەی هێرشی چوارسەد پێنجسەد داعشییان نەگرت، کە بە پیکاب و چەکی سووکەوە هێرشیان بۆ سەر موسڵ کرد و (3) فیرقە سەربازی عێراقی هەڵات و ئەو هەموو چەک و جبەخانەیەی بۆ بەجێهێشتن، کە لە ڕێگەیەوە ئەو هێرشە بەربڵاوەیان بۆ سەر شنگال پێکرد و ئەو کۆمەڵکوژییەیان پێ ئەنجامدا.

بەهەرحاڵ سوپا نەیویست بەرگری لەو خەڵکە سڤیلە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانی بەغدا بۆ سەبارەت بەو مەسەلەیە تا ئێستا بێدەنگ بووە؟ خۆ دەیتوانی دەنگی هەڵبڕێت؟

ئەوەتا وڵاتانی جیهان و پەرلەمانەکانی بە ڕاشکاوی ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەن و بە جینۆساید لەقەڵەمی دەدەن، وەک پەرلەمانی بەریتانیا، پەرلەمانی ئەورووپا، ئەرمینیا، سکۆتلەندا، ئۆسترالیا، پورتوگال، بەلجیکا، هۆڵەنداو فەرەنسا هەرهەموویان ئەو تاوانەیان شەرمەزار کرد، کەچی پەرلەمانی عێراق تا ئێستا بەرامبەر ئەو تاوانە بێدەنگە.

ئایا ئەم خوشک و برا ئێزدییانە هاووڵاتی عێراقی نەبوون؟ ئەی بۆچی تا ئێستا هەرنەبێت قەرەبووی نەکردوونەتەوە و شوێنەکانی کە وێران کراون، ئاوەدان نەکردۆتەوە؟.

ئایا ئەمە جێی پرسیار نییە بۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی بەغدا بە کوردەکانیشەوە؟ ئەمە کەمتەرخەمییە یان کارێکی عەمدی یە کە تا ئەمڕۆ بەوشێوەیە پشتگوێ دەخرێ.

بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێم بەدواداچوونی جیدی بۆ ئەو مەسەلەیە بکات و حکوومەت پەرلەمان لە بەغدا ئاگادار بکات و قبووڵی ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستییە نەکات.