فەرحان جەوهەر
جوگرافیا دەستێکی باڵاو کاریگەری هەیە لە سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکان، هەم سیاسەت و هەم جوگرافیا لە پەیوەندییەکی بەردەوام دان، هەردووکیان کاریگەرییان لەسەریەک هەیە، بۆیە زاراوەی جیۆسیاسی یان جوگرافیای سیاسی بۆتە لقێکی سەربەخۆ و بەرفراوان لە لێکۆڵینەوە جوگرافیاییەکان.
ئەوەی ئەمڕۆ و دوێنێ بینیمان لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، هەروەها پێشوازی ئەو وڵاتە لە سەرۆکی هەرێم بەم شێوازە پڕشکۆیە، دەرخەری راستیی کاریگەریی جوگرافیای سیاسییە لە پەیوەندی هەردوولا، کە تێگەیشتنێکی نوێ و سەرەتایەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی هەردوولامان بڕوا بەو راستییە مێژووییە و جوگرافیاییە بکەین، کە ناتوانیین وەک دوو گەلی درواسێ تا کۆتایی لە پەیوەندییەکی خراپدابین، پەیوەندی سیاسی باش لەسەر بنەمای رەچاوکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش بنیات دەنرێت، بێ ئەوەی لایەک داخوازی ملکەچبوونی لایەکی تر بکات.
پێشوازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرۆکی هەرێم، جێگای دڵخۆشی هەر کوردێک بوو لە هەرشوێنێک، ئەمە تێگەیشتنێکی نوێ و ئەرێنیە لە پێگەی هەرێم، کە دەیەوێت بە هاتنی ئیدارەی نوێی پەیامی ئەوەمان بداتێ، کە وڵاتەکەی خوازیارە پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەردوولاماندا هەبێت، پێموایە هەرێمیش خوازیاری پەیوەندییەکی لەم جۆرەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بۆ جێگیربوونی باری ئاسایشی هەردوولا، بەتایبەتی بۆ ئێمە لە کاتێکدا، کە ئەمریکا دەیەوێت ژمارەی جەنگاوەرەکانی لە عێراق بکێشێتەوە، رەنگە بۆشایی ئەمنی لە هەندێک شوێنی عێراق پەیدا بکات. پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران بەزۆر قۆناغی جیاجییا و هەڵبەزو دابەزی بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی رووداوە سیاسییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەوەی پێویستە لەسەر هەرێم بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئێران دوو خاڵی سەرەکییە:
یەکیان ئەوەیە ئێران بگاتە ئەو بڕوایەی کە پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک لەسەر حسابی زیان گەیاندن نییە بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان.
خاڵی دووەم: ترسی ئێرانە لە سیاسیەتی پان کوردیسم، کە رەنگە لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەر بەشی کوردستانی ئێران دابنێت، هەرچەندە هەرێم لەسەر ئاستی فەرمی هیچ سیاسەتێکی لەم چەشنە پەیڕەو ناکات، چونکە زۆر باش لە واقعی سیاسی تێدەگات، بەڵام لەسەر ئاستی میللی هاوسۆزی هەیە، ئەمەش ناکاتە ئەوەی بەشێک بێت لە سیاسەتی هەرێم.
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان لە ئێران، هێرشەکانی میلیشیاکانە بەمەبەستی ئاڵۆزکردنی باری ئاسایشی هەرێم و پاڵپشتی کردنی ئەو میلیشیایانە لەلایەن ئەوان، هەروەها کاریگەرییەکانی ئەوان لەسەر بڕیاری سیاسی حکوومەتی فیدڕاڵ، بە ئاراستەی جێبەجێ نەکردنی داخوازیەکانی هەرێم، وەک ناردنی بودجەو مووچەی فەرمانبەران و ئاسایی نەکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان و هەندێک کێشەی تر. پێموایە ئەم کێشانە ئەوەندە ئاڵۆز و زەحمەت نیین بۆ چارەسەر کردن، دەکرێ ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم و هاتنی سەرۆک کۆماری نوێ ئیبراهیم رەئیسی، ببێتە سەرەتایەکی باش بۆ تێگەیشتنێکی نوێ و پەیوەندییەکی دروست، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.









