د. سەرباز عەزیز وەرتی

١. جیاوازی چیە لە نێوان ئارکتیکا و ئەنتارکتیکا؟
جەمسەرەکانی ئارکتیکا و ئەنتارکتیکا بە ئاسانی سەر دەشێوێنن و تێکەڵیان دەکەین. ناوەکانیان هاوشێوەن، هەمان دیمەنی سروشتی بە چەندان کیلۆمەتری بە بەفر داپۆشراویان هەیە، پێکهاتە ئاڵۆزەکانی بەستەڵەکی و سەهۆڵین، مەنزڵگەی باڵندە دەنگبەرز و بێگومان نەهەنگە جوانەکانن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو ناوچە جەمسەرییە تەواو پێچەوانەن، نەک هەر تەنیا لە ڕووی جوگرافیاوە.

٢. مێژووی دۆزینەوەیان
لە ساڵی ١٧٧٣ دا، هەڵمەتێک لە ژێر فەرمانی کەپیتان جەیمس کوک، کە یەکەم جار بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە بازنەی جەمسەری باشوور بپەڕێتەوە. بەهۆی بەستەڵەکەکەیەوە، نەیتوانی لە بەشی سەرەکی کیشوەرییەکە نزیک بێتەوە. تەنیا نیو سەدە دواتر خەڵک بەستەڵەکی ئەنتارکتیکایان بینی – ئەویش لەڕێگای هەڵمەتی کۆمەڵەی گەڕیدە ڕووسەکان – بەدەوری جیهاندا بوو، لە ساڵانی ١٨١٩ – ١٨٢١ لە ژێر فەرمانی فادێیا بێلینسگاوزێنە و میخائیل لازاریڤەوە.
یەکەم لێکۆڵینەوە و گەڕانی جەمسەری باکوور زۆر زووتر دەستی پێکردووە – لە کۆتایی سەدەی ١٦ دا، کاتێک پێویست بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی دەریایی جێگرەوە بۆ چین و هیندیە ڕۆژهەڵاتییەکان. ویلیەم بارێنتسی ڕێنیشاندەر و گەڕیدەی هۆڵەندی سێ هەڵمەتی بەڕێوەبرد، کە دواترینیان ئەرخەبیلی (گروپی دورگە دەریاییەکان)ی شپیتسبێرگێنی دۆزیەوە. ئەم گروپە ناچار بوو لە دەریای کارادا زستان بکاتەوە، بەڵام تەنانەت لە وەرزی هاوینیشدا کەنداوەکە سەهۆڵەکەی نەتوایەوە. گروپەکە بەناچاری دەبوایە کەشتییەکە بەجێبهێڵێت، وە بارێنتس خۆی بە نەخۆشی ئەسکەرپوت (ئێسکە نەرمە) مرد و لەسەر زەوی نوێ نێژرا.
ڕێگای دەریای باکوور دوای چەندین ساڵ لەلایەن گەڕیدەی نەرویجی ڕواڵ ئەموندسێن دۆزرایەوە. ساڵی ١٩١١ بووە یەکەم کەس کە جەمسەری باشووری فەتح کردووە.
فەتحی جەمسەری باکوور، ماوەیەکی درێژ بوو ڕۆبێرت پیری بانگەشەی ئەوەی دەکرد لە ٦ ی نیسانی ١٩٠٩ گەیشتووەتە جەمسەری باکوور. هەرچەندە کەمێک دواتر توێژەرو گەڕیدەی ئەمریکی فرێدریک کووک گوتی لە ٢١ ی نیسانی ١٩٠٨ دا، یەکەم کەس لە جەمسەری باکوور خۆی بووە. تا ئەمڕۆ هیچ کام لەو دەنگۆیانە بەتەواوی نە پەسەند کراون، وە ڕەتیش نەکراونەتەوە.
چیرۆکەکانی دۆزینەوەی جەمسەرەکانی ئارکتیکا و ئەنتارکتیکا لەزۆر ڕوەوە جیاوازن، بەڵام هەموو گەڕیدە جەمسەریەکان ئازایەتی و ئیسڕارە بەردەوامیەکانیان و بەرگرییەکی بێوێنەو نایابیان هەبووە.

٣. دیمەنی سروشتی
بەرزی و نزمی ئارکتیکا و ئەنتارکتیکا زۆر هاوشێوەن لە یەکەم بینیندا، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو لە یەکتری جیاوازن: ئەمە بە تایبەتی لە جەمسەرەکانی هەسارەکەماندا دیارە. ئەوپەڕی باکوری خاڵی زەوی لە ناوەڕاستی زەریای بەستەڵەکی جەمسەری باکوور دایە، لە کاتێکدا کە ئەوپەڕی خاڵی باشووری زەوی لە ناوەڕاستی کیشوەری جەمسەری ئەنتارکیدا دایە. تەنانەت دەتوانین بڵێین: جەمسەری ئارکتیکا- زەریایەکە، کە بە زەوی و وشکانی دەورە دراوە، بەڵام ئەنتارکتیدا- وشکانیە، دەورەدراوە بە زەریا. جەمسەری باکوور- لە ئاستی دەریادایە. بەڵام جەمسەری ئەنتارکتیدا – بەرزترین کیشوەری سەر ڕووی زەویە. کەم کەس هەیە توانیبێتیان سەربکەون بۆ سەر لوتکەکەی – (ماسیڤ ڤینسۆنا) کە ٤٨٩٧م بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. هەروەها لە ئەنتارکتیدا، بورکانی چالاک هەیە.

٤. سەهۆڵ (بەستەڵەک)
بەپێی ناوەندی داتای نێونەتەوەیی بۆ بەفر و بەستەڵەک، جیاوازی پلەی گەرما و جیۆلۆجیا، دەبێتە هۆی پێکهاتنی شێوەی جیاواز لە پێکهاتەی سەهۆڵەکان لە هەر یەک لە ئارکتیکا و ئەنتارکتیکا دا.
لە جەمسەری ئارکتیکادا، بەستەڵەکە سەهۆڵیەکان بەریەک دەکەون، لە بەرگێکی ئەستووردا کۆمەڵێک پارچە سەهۆڵی شێوە گەورە پێکدەهێنن، کە تا بەرزی ١٠-٢٠ مەتر بەرز دەبنەوە، کە پێی دەوترێت تۆڕۆس. بەرگی بەستەڵەکی زستانە بە ٨,٥ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە دەخەمڵێنرێت، لە هاویندا تەنها کەمتر لە خوار نیوەی ئەمە دەتوێتەوە.
لە ئاوە کراوەکانی جەمسەری ئەنتارکتیکا دا، سەهۆڵەکە بە ئازادی ڕادەماڵرێت یاخود هاتووچۆ دەکات، وە بەرگێکی تەنکتری سەهۆڵی هەیە. تا کۆتایی هاوین تەنیا ١,١ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە لە کۆی ٩,٦ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە دەمێنێتەوە.

٥. سروشت و جیهانی ئاژەڵان
ڕووەک و ئاژەڵ (فلۆرا و فاونا) لە هەر یەک لە جەمسەرەکان بێ هاوتان (نایابن). لە جەمسەری ئارکتیکادا، گیاندارە شیردەرەکان (گوان دارەکان)ی سەرزەوی هەن – وەک: وورچە سپیەکان، ڕێویە جەمسەریەکان، ئاسک و سمۆرە باکووریەکان. لە جەمسەری ئەنتارکتیکا دا. فیلی دەریا (مۆڕژ) و باڵندەی ڕەنگاو ڕەنگی توپیک تەنها لە ئەرکتیکادا هەن. هەروەها لە پانتاییە باکووریەکاندا بە ڕووەک (فلۆرا) دەوڵەمەندە – کە زیاتر لە ١٥٠٠ جۆر ڕووەک و قەوزە هەن، لە کاتێکدا لە باشووری کیشوەرەکەدا نزیکەی هیچ شتێک گەشە ناکات و ناڕوێت – لەوێدا تەنها سەهۆڵ هەیە، واتا سەهۆڵبەندانە.
ئاژەڵەکانی ئەنتارکتیکا چەندین جۆری ناوازەی گیانلەبەر لەخۆدەگرێت لەوانەش: سەگاو (مۆر)، نەهەنگ، وە بێگومان پەنگوینەکان (بەتریقەکان).

٦. ئاو و هەوا
وەرزەکان لە نیوەگۆی باکوور و باشووردا وەک ئاشکرایە، وەکو یەک نین. هاوکات هەردوو جەمسەرەکە تایبەتمەندی زستانێکی ساردی درێژ و هاوینێکی کورتیان هەیە. بەپێی داتاکان، ئەنتارکتیکا ساردترە لە ئارکتیکا.
لە نیوەگۆی باشوردا، هاوین لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم دەستپێدەکات و لە مانگی شوباتدا کۆتایی دێت. لە کانونی یەکەم و کانونی دووەم خۆر نزیکەی ٢٠ کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدا لە ئاسۆدا دەرناکەوێت، وە تێکڕای پلەی گەرمی لە نیوە دوورگەی ئەنتارکتیکادا نزیکەی °с1 پلەی (Celsius) دەبێت. سەرەڕای ئەوەی، کە ئەنتارکتیدا بە سەهۆڵ داپۆشراوە، بەڵام بە بیابان هەژمار دەکرێت – نزیکەی هیچ دابارینێک نییە و بای زۆر بەهێز هەیە تا ٩٠ م/چ.
هاوین لە ئارکتیکادا بەپلەی گەرمای نزیکەی ١٠ پلەی سەدی دیاری دەکرێت و لە مانگی حوزەیرانەوە تا سەرەتای مانگی ئەیلول بەردەوام دەبێت. ڕۆژی جەمسەری، بەشداری دەکات لەتوانەوەی زیاتر و بەهێزتری سەهۆڵدا.

٧. بارودۆخی یاسایی
بەگوێرەی ڕێککەوتنە باوەکان دەربارەی (ئەنتارکتیکا، ئەنتارکتیدا) موڵکی هیچ وڵات و دەسەڵاتێک نیە. تەنها بۆ چالاکی زانستی ڕێگەپێدراوە.
بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، جەمسەری باکوور و ناوچە هاوسنوورەکانی ئۆقیانووسی بەستەڵەکی باکوور، لە ئێستادا هیچ وڵاتێک خاوەنیان نیە، (هی هیچ وڵاتێک نین).
بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەبێ گوێدانە ئەوەی ٥٠ ساڵ قەدەغەی چالاکییەکانی گەڕان و پشکنینە جیۆلۆجیەکان لە چوارچێوەی پڕۆتۆکۆڵی پاراستنی ژینگەی ئەنتارکتیدا دا هەبووە، بەڵام هێشتا زۆر لە وڵاتان سەرقاڵی ئەو جۆرە چالاکیانەن، ئەمەش وەک زانستێکی خۆیان پێشکەشی دەکەن. بەم شێوەیە ڕێککەوتن دەربارەی ئەنتارکتیکا هەموو کێشەکانی لە ناوچەکەدا چارەسەر نەکردووە، لە مڕۆدا سێ چارەسەری هەنووکەیی بۆ کێشەی ناوچەکە پێشنیار کراوە:
ناساندنی ئەنتارکتیکا کە خاکی هیچ کەسێک و لایەنێک نەبێت، جێگیربوون تیایدا ڕێلێگیراو بێت.
بۆ جێبەجێکردنی تیۆری “حکومڕانی نێودەوڵەتی” لە ئەنتارکتیکادا، هەروەها دروستکردنی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆئەوەی ناوچەکە بەڕێوە ببات.
دابەشکردنی جەمسەری ئەنتارکتیکا وەک جەمسەری ئارکتیکا بۆ چەند سێکتەرێک، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی هەر ویلایەتێکی دیاریکراودان.
ڕژێمی یاسای چالاکی ئابووری (کەشتیوانی، دەرهێنانی سەرچاوە کانزاییەکان، دەرهێنانی سەرچاوە بایۆلۆجیەکان)
لەو چوارچێوەیەدا ئەم سێ بوارەی چالاکی ئابووری لە جەمسەرەکانی ئارکتیکادا و ئەنتارکتیدا دا دەخەینە بەرباس:
کەشتیوانی- گواستنەوەی دەریایی ڕێگای سەرەکی گەیاندنی نێودەوڵەتیە، کە جۆرەها کاڵای جیاواز لەخۆدەگرێت.
دەرهێنانی سەرچاوە کانزاییەکان- هەردوو ناوچەکە دەوڵەمەندن بە کانزاکان، ئەمەش وای کردووە کە بۆ دەوڵەتەکان زۆر جێگای بایەخ و گرنگی بن.
دەرهێنانی سەرچاوە بایۆلۆجییەکان- لە هەردوو کیشوەردا، زیندەوەری زۆر هەن، بە دەستبەسەرکردنیان، دەتوانرێت قازانجێکی زۆر گەورە بهێنن.

٨. جیۆپۆلەتیکی ئارکتیکا و ئەنتارکتیکا
کورتترین ڕێڕەوی نێوان ئۆراسیا و ئەمریکا بە ئارکتیکا (جەمسەری باکوور) دا تێدەپەڕێت، هەروەها (بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، تا ٢٥ ٪ی هەموو سەرچاوە نەدۆزراوەکانی نەوت و گاز لە جیهاندا لە ئارکتیکا دایە). لە وەها بارێکدا هەر ئینجێکی خاکی جەمسەرەکان یان سڕینەوەی سنووری دەریایی بەهایەکی تایبەتی جیۆپۆلەتیکی پەیدا دەکات. ئەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی بۆشایی جەمسەری باکوور دەکەن، ئەمریکا، کەنەدا، نەرویج، دانیمارک و ڕووسیان. لەوانەش هەریەک لە ئەمریکا، کەنەدا، نەرویج و دانیمارک ئەندامی ناتۆن، واتا نوێنەرانی بەرەی ئەتڵەسی. لە ئێستادا پڕۆسەی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی گرینلاند (کە لە ئێستادا ئۆتۆنۆمییە لە ناوخۆی دانیمارک) تەوژمێک بەدەست بهێنێت، بەڵام پێناچێت وڵاتێکی نوێ، لە سایەی حوکمی ئینویت ئیسکیمۆس (کە لە فراوانبوونی گرینلاند دا کەمتر لە ٦٠ هەزاریان هەیە)، بتوانن ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە ئاییندەیەکی پێشبینیکراودا، ببنە هێزێکی سەربەخۆ. هەتا ئێستاش بنکەی دەریایی ئەمریکا لەسەر خاکی گرینلاند (کەناک)دا هەیە. لەبەرئەوە لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە هاوسەنگی هێز لە جەمسەری باکوور دا لە لایەن ڕووسیا (Heartland) و ئەمریکاوە (لەگەڵ وڵاتانی تری ناتۆ) دا دیاری دەکرێت.
بەڵام ئەنتارکتیکا تاکە ناوچەی جیۆپۆلەتیکی جیهانە، دوا یەدەگی کانزاییەکانە لەسەر زەوی، پاشکۆی سەروەریی هیچ وڵاتێک نییە. شەڕ لەسەر سەرچاوەکانی لە داهاتوودا دەبێت. لەم کیشوەرە دا تا ٨٠ ٪ی یەدەگی ئاوی شیرنی جیهان لەخۆ دەگرێت، کانە نەوتی زەبەلاح، گازی سروشتی، خەڵوزی بەردین، کانزای ئاسن، یۆرانیۆم، زێڕ و ئەڵماس. بەپێی پێشبینیی شرۆڤەکاران، بەهۆی گەرمبوونی زەویی ڕەنگە بەرهەمهێنانی نەوت و یۆرانیۆم لە ئەنتارکتیکا لە داهاتووی پێشبینیکراو دا دەست پێ بکات. ئەو کاتە کیشوەرەکە دەبێتە ناوەندی ململانێی جیۆپۆلەتیکی زۆربەی وڵاتانی جیهان. بەگوێرەی خەمڵاندنەکان یەدەگی یۆرانیۆم لەم کیشوەرە دا نزیکەی لە سێیەکی دەوڵەمەندترین کیشوەرەکانە کە ٣٠ ٪ یە. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، ئەنتارکتیکا بوو بە مۆدێلێک هاوکاری سەرکەوتووی نێوان دەوڵەتان و ڕژێمە سیاسییە جیاوازەکان. پەیمانی نێودەوڵەتی دەربارەی ئەنتارکتیکا لەکۆنفڕانسێکدا لەواشنتۆن لە ١ ی کانونی یەکەمی ١٩٥٩ دا بەسترا، ساڵی ١٩٦١ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە دەرهێنانی کانزا تیایدا قەدەغەکرا. پەیماننامەکە لەگەڵ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تردا ڕێگە بەبەکارهێنانی خاک و ئاوەکانی ٦٠ پلەی باشوور دەدات بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ مەبەستی زانستی، دەرفەتی یەکسانیشی بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانە فەراهەمکراوە، کە توانای کارکردنیان هەیە لەحاڵەتی ئەوپەڕیدا، بەتایبەت بۆ ئاشتی و زانست. ئەو وڵاتانەی کە بانگەشە و داخوازیان بۆ ناوچەی ئەنتارکتیکا کردووە، ڕێگری لە دروستکردنی وێستگەی زانستی وڵاتانی دیکە ناکەن. چالاکی سەربازی لێرەدا قەدەغەیە. لایەنە ڕاوێژکارییەکانی پەیماننامەکە، کە توانای بڕیاردانیان لەسەر جەمسەرەکە هەیە، نزیکەی سی وڵات دەبن.
ئەمریکا و ڕووسیا پێگەی تایبەتییان هەیە لەناوچەکەدا، وە هەردوو دەوڵەت بنەمای بانگەشەی سەروەری زەوییان لەم جەمسەرەدا هێشتەوە، هەروەها دانیان نەناوە بەو داوایانەی وڵاتانی تر. سەرەڕای پەیمانی جەمسەری ئەنتارکتیکا، ژمارەیەک لە وڵاتان چالاکییە زانستییەکانیان لە ئەنتارکتیکا بەدەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی شوێن پێیەک لەسەر ئەم کیشوەرە و بەشداریکردن لە دابەشکردنی داهاتووی ناوچەکە دا، بەهەل دەزانن. نزیکەی ٩٠ وێستگەی جەمسەری هەمیشەیی و وەرزی لە ناوچەکەدا هەیە، لەوانە ٤٢ وێستگەی کارپێکراوی هەمیشەیی بوونیان هەیە. بەپیرۆز هێشتنەوە و دەستلێنەدانی ئەنتارکتیکا تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەک دەبێت و کۆتایی دێت. تا ئەم کاتەش کەمبوونی سەرچاوەکانی وزە و ئاوی سازگار لە کیشوەرەکانی دیکە خراپتر دەبێت. پێشبینیکراوە تێکۆشان و جەنگ لەسەر سەرچاوەکانی ئەم جەمسەرە لە داهاتوودا دەبێت.
تێبینی/ (ئەنتارکتیکا = ئەنتارکتیدا) هەردووکیان یەکن، واتا جەمسەری نیوەگۆی باشووری گۆی زەوی، بەڵام (ئارکتیکا)، واتا جەمسەری نیوەگۆی باکووری گۆی زەوی. هەروەها زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس لە ئارکتیکا دا دەژین. بەڵام لە ئەنتارکتیدا دا، هیچ دانیشتوانێکی هەمیشەیی نییە.