بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داھاتوو سەرکۆماری نوێی ئێران لە ڕێورەسمێكدا سوێندی یاسایی بخوات، شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری ڕێوڕەسمەكە دەکات.
لەمبارەیەوە کوێستان محەمەد وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی (پارتی دیموکراتی کوردستان)ی ڕاگەیاندووە “بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داھاتوو ئیبراھیم ڕەئیسی سەرکۆماری ھەڵبژێردراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوێندی یاسایی بخوات و شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستانیش بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرکۆماری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکات”.
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێ “شاندەکە بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و چوار وەزیری حکوومەت بەشداریی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران دەکات.”
لەبارەی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و ئێران، کوێستان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد “ئێمە ھیوادارین پێوەندیی باشترمان ھەبێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی دوای دەستبەکاربوونی ئیبراھیم ڕەئیسی لە پۆستی سەرکۆماری ئێران، چونکە ئێمە وڵاتی دراوسێی یەکین و پێویستمان بە پەیوەندی ھەیە”.
هەروەها بڕیارە رێواس فایهق سهرۆكی پهرلهمانی كوردستانیش بەشداری شاندە باڵاكەی هەرێمی كوردستان بكات، لەگەڵ هەریەك له وهزیری ئهوقاف و كاروباری ئاینی، وهزیری رۆشنبیری، وهزیری كار و كاروباری كۆمهڵایهتی و سهرۆكی دیوانی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان.









