وەزیری پەروەردە ئاشکرای دەکات، بە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای نەبوونی دەوام تا ئێستا 43 ملیار دینار بۆ مامۆستایانی وانەبێژ خەرج کراوە.
د.ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی جکوومەتی هەێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 3/7/2021 لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕاى گهیاند: “بە ڕەزامەندی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا 43 ملیار دینار بۆ مامۆستایانی وانەبێژ خەرج کراوە، مانگانە ئەوەی خەرج کراوە زیاتر لە 6 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە”.
جەختیشی کردەوە “مانگەکانی 3 و 5و 5 و مانگی 10 تاوەکوو 12، کە دەوامیش نەکراوە، بەڵام پارەیەکی دیاریكراومان بۆ وانەبێژان خەرج کردووە، ئەوەی پێمان بکرێ بۆ وانەبێژان دەیکەین و کردووشمانە”.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی میلاکات ئەوەی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بکرێ دەیکەن.
بە پێی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و سەروو بەکالۆریۆس، 300 هەزار دینار بۆ هەر مانگێک خەرج دەکرێت، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆمیش، 250 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 18 هەزار وانەبێژ هەن و شایستەی داراییان پێ دەدرێت.
پێشتر کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەی بە (باسنیوز) ڕاگەیاند بوو: “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەکی فەرمی هاتووهتە سەرهێڵ و گرنگی بە وانەبێژان دەدات، کۆمەڵێک ڕێنوێنی لە وەزارەتی پهروهردهوە بۆ وانەبێژان دەرکراوە، ناوی سەرجەم وانەبێژان چووهتە وەزارەتی پەروەردە کە پێشتر ئەمە نەبووە”.








