د. عوسمان عه‌لی
لەساڵی 2017 هونه‌ر ئه‌حمه‌د بابەتێكی لە ژێر ناوی (كێ ده‌رگای به‌رووی توركیادا كرده‌وه؟) نووسی، ئیستاش پێویسته ئێمە هەمان پرسیار بكەین.
له سۆشیال میدیای هه‌رێمی كوردستان، نەیارەكانی پارتی و چەند كەسایەتیەكی دیاری هەرێمی کوردستان، دەڵێن با براكوژی نەبێت و پارتی توركیای هێناوەته گیان په‌كه‌كه. لێرەدا پێش هەموو شتێك، دەڵێم بەهیچ جۆرێك، لەحوكمڕانیی هەرێمدا، لەگەڵ سیاسەتی پارتی نیم، كه زۆر رەخنەم لێی هەیە. ئەوەش دەڵێم توركیا هیچ جارەسەرێكی تری بۆ پرسی كورد نیه، جگه له ئاشتی و دیالۆگ، کە ئەوەشم بەسەركردەكانی تورك وتوه و تاڕادیەك رۆڵمان له رازیكردنی بەڕێز داود ئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا لە ساڵانی 2009 تاكو 2015 هه‌بوو، كه بەڕێگای دیالۆگ لەگەڵ په‌كه‌كه پرسی كورد چارەسەربكات.
لەمانگی 7 ساڵی 2018 له دیدارێك لەگەڵ داود ئۆغلۆ لە شاری ئەستەنبوڵ، پرسیم بۆچی دانوستان سەرنەكەوت؟ له وەڵامدا وتی:” من په‌كه‌كه بەهۆكاری سه‌ره‌كی دەزانم، لەبەر ئەوەی، پێش ئەوەی ئێمه كۆتایی بە ئاگربەست بهێنین، په‌كه‌كه 23 چالاكی دژی سوپا و دامودەزگاکانی دەوڵەت كردووە و له ژێر كاریگەری ئێران بوون، كه دژی ئاشتی بوو، لەبەر رۆڵی ئێمه لە سوریادا. ئێمه ئەم چالاكیانەی (په‌كه‌كه)مان پشت گوێ دەخست، بەڵام دوای سەربڕینی دوو پۆلیسمان به شێوه‌یه‌كی دڕندانه لەلایەن په‌كه‌كه، هێزەكانی دژی پرۆسەی ئاشتی لەناو دەسەڵات بەهێزتربوون”.
من بۆ مێژوو دەڵێم، ئەم قسانەی داود ئۆغلۆ راستن و سەركردایەتی (په‌كه‌كه) تاڕادەیەكی زۆر، بەرپرسن لەتێكچوونی پرۆسەی ئاشتی. وەكو دیاره (په‌كه‌كه) لەژێر كاریگەریی بەهاری عه‌رەبی بوو، لەساڵی 2011 بەیاننامەی ستراتیجی لەگەڵ ئێران و بەشارئەسەد دژی توركیا ده‌ركرد، ئەو دەرفەتەیان بۆ ئاشتی له دەست دا. ئایا دەبێت هه‌رێم باجی هەڵەی سەركردەكانی (په‌كه‌كه) بدات؟
پەکەکە باوەڕی بە پرسی نەتەوایەتی کورد هەیە؟
موراد قەرەیلان سەرۆكی هێزەكانی په‌كه‌كه، كه له وتارێكی رۆژی 10ی حوزیرانی 2021 دەڵێت:” ئێمه به هیچ جۆرێك نامانەوێت سەروەری قەواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بشكێنین. ئێمه لەشەڕی مان و نەمانین دژی داگیركەری تورك. داوا لەپارت و كەسایەتیەكانی كورد لەچوار پارچەی كوردستان دەكەین، كە پارتی رازی بكەن دیالۆگمان لەگەڵدا بكەن”.
به‌ڕێز قهرەیلان له وتاری 10ی حوزەیران باسی “داگیركه‌ری تورك” دەكات، ئەم وتەیە بەهیچ جۆریك رەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیای په‌كه‌كه نیە، لە كاتێكدا په‌كه‌كه له 2001دا، له پرسی نەتەوایەتی وازی هێناوە و دەوڵەتی كوردی بە هەڵە دادەنێت. په‌كه‌كه ئەمڕۆ لایەنێكی كوردی نیە و لە ئەدەبیاتیدا خۆی بە بەشێك لە رەوتی چەپی توركی دەزانێت و بەشێك لەسەركردەكانیشی تورك و عەلەوین. په‌كه‌كه ئەمڕۆ بە ئایدیۆلۆژیای رادیكاڵی چەپ، لەژێر دروشمی دیموكراتیەتێكی فیدراڵیزم كار دەكات، بەگوێرەی ئەم ئایدۆلۆژیایە، په‌كه‌كه بۆ یەكگرتنەوەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوڵەتێكی چەپی رادیكاڵدا كار دەكات، كە بە گوێرەی بزوتنەوەی فیمەنیستی ماركس، لامەركەزی و یەكسانی پیاو و ئافرەتی لا گرنگە.
هەرچەندە ئەم راستیە بۆ كوردی باكوور روون بۆتەوە، بەڵام لە باشووردا خەڵكەكە چەواشە كراوە، بۆ نموونە سەركردەیەكی ئیسلامی، لەم رۆژانەدا، خەباتی په‌كه‌كه‌ی بە نەتەوایەتی داناوە و هاوسۆزی خۆی نیشان دەدا. هەروەها لەم رۆژانە، لەشەقامی كوردیدا، دەستەواژەی رێگریكردن لە شەڕی براكوژی، بۆ رزگاركردنی په‌كه‌كه لەو باورودۆخەی خۆی دروستی كردووە دەوترێتەوە. وادیارە ئەو لایانەی لەژێر فشاری ئێران، ئەم پروپاگەندانە دەکەن، هەمان شت میلیشیاكانی شیعە داوای هەڵوێست له كازمی بۆ رزگاركردنی په‌كه‌كه دەكه‌ن.
قهرەیلان باسی دیالۆگ دەكات، بۆ ئەو دیالۆگه له رۆژئاوا ناكات. نۆ ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتنی دهۆك تێپه‌ر بوو، كه له نێوان په‌یه‌ده و ئه‌نه‌كه‌سه ئه‌نجام درا، یه‌كێك له خاڵەکانی رێككه‌وتنه‌كه، گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ بوو بۆ رۆژئاوای كوردستان و جێگیركردنیان لەسنوورهكانی رۆژئاوا.
ئه‌وكات توركیاش به‌وه رازی بوو، كه یه‌په‌گه بكشێته‌وه و سنووره‌كان راده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ بكرێت، پاش ماوه‌یه‌ك رێككه‌وتنه‌كه نه‌چووه سه‌ر، رێگه‌ش به گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ نه‌درا و به چه‌ته و خۆفرۆشی توركیا تۆمه‌تباركران.
هونەر ئه‌حمه‌د دەنووسێت:” له 2017 توركیا هێرشی كرده سه‌ر عه‌فرین و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری، پاش دوو ساڵ له‌و هێرشه، هێرشی بۆ سه‌ر گرێ سپی و سهریكانێ ده‌ست پێ كرد، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا ئه‌و دوو شارۆچكه كوردیەی داگیركرد.
زۆرجار ئه‌و پرسیاره‌م لا دروست ده‌بێت، ئایا عه‌فرینی ئێستا باشه، كه توركیا داگیری كردووه و دیموگرافیاكه‌ی ده‌گۆڕێت و عه‌ره‌ب بووه به خاوه‌ن ماڵ، یان ئه‌و عه‌فرینه‌ی كه پێشمه‌رگه‌ی رۆژ سنووره‌كانی بپاراستایه؟ هه‌ڵبه‌ته ئه‌و پرسیاره‌م بۆ گرێ سپی و سه‌رێ كانیشه. پێشینان وتویانه، زه‌ره‌ر له نیوه بگەڕیتەوە قازانجه”.
لە ساڵی 2017، ئه‌مریكا به راشكاوانه پێی وتوون، ئه‌گه‌ر رێكنه‌كه‌ون، ئه‌وا توركیا دێته قامیشلۆ و كۆبانێ، په‌یه‌ده له‌سه‌ر هه‌مان رێككه‌وتن، كه پێش هەشت ساڵ به‌رله ئێستا له دهۆك ئه‌نجام درا، جارێكی دیكه رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌نه‌كه‌سه‌دا كرده‌وه.
ئایا په‌كه‌كه رێز لەقەوارەی هەرێمی کوردستان دەگرێت؟
پێشمه‌رگه چه‌ند ساڵه تكا ده‌كات و له په‌كه‌كه ده‌پاڕێته‌وه، گوند و ناوچه‌كانی باشووری كوردستان نهکرێنە شوێنی رووبه‌ڕووبونه‌وه و بیانوو به توركیا نه‌درێت، به‌ڵام په‌كه‌كه گوێی پێ نه‌ده‌دا، قه‌ره‌یلان دەڵێت ئێمه سەروەری هه‌رێم ناشكێنین. ئەی جه‌نابی قه‌ره‌یلان ئێوە له 378 گوندی ناو هه‌رێمی كوردستان هەرێمی میدیاتان رانەگەیاندووە؟ ئەی كێ 5 پێشمەرگەی شەهید كرد و دەیانی تری زامدار كرد؟ دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە ویستی بچێتە ناو گوندێك، كه ئێوه چوڵتان كردبوو.
ئه‌وه چه‌ند مانگه توركیا ئۆپه‌راسیۆنێكی له ژێر ناوی جیاجیا له قووڵایی خاكی باشووری كوردستان ده‌ست پێ كردووه و بەردەوامە، به‌م بیانووه سه‌دان گوند و ناوچه‌ی داگیركردووه، ئایا ئه‌و شوێنانه له ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا بوایه باش بوو یان ئه‌وه‌ی، كه ئێستا هێزی توركیای داگیركه‌ری تێدا جێگیر بێت؟
چوار ساڵ پێش ئێستا، نووسەر هونەر ئەحمهد دەڵیت:” پێش ئه‌وه‌ی باس له رۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین، ده‌بێت ئه‌وه بزانین، كه ئیدانهكردنهكانی حكوومه‌تی عێراق ته‌نها نمایشه، ئه‌گه‌رنا پێشتر رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقیدا كراوه، له‌سه‌ر ئاستی ههواڵگیریش یارمه‌تی توركیا ده‌درێت”.
ئه‌گه‌ر وانیه بۆچی عێراق له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش سكاڵا دژی توركیا تۆمار ناكات، پێش دوو ساڵ به‌رپرسێكی په‌كه‌كه‌م بینی، وتی حكوومه‌تی عێراق له ده‌ست نیشان كردنی پێگه و باره‌گاكانمان زانیاری به توركیا ده‌دات، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه بێت، حكوومه‌تی هه‌رێم چی ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌یه؟ ئه‌مه عوزر بۆ هێنانه‌وه نیه، به‌ڵكو به‌واقیعی خوێندنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌یه.
كورد ده‌بێت به‌رامبه‌ر به توركیا چی بکات؟ ئایا توانای بەرەنگاربوونەوەی تورکیای هەیە؟
توركیا له ماوه‌ی مانگێكدا، توانی باڵانسی هێز له لیبیا بگۆڕێت، به‌رامبه‌ر كێ؟ حه‌فته‌ر كه له75% بۆ 80ی خاكی لیبیای له‌ژێر ده‌ستدایه و رووسیا و میسر و ئیمارات پاڵپشتی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا خۆی نه‌گرت و له ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا شكستی هێنا، ته‌رهونه و فرۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی ئه‌و شاره‌ی له‌ژێر كۆنتڕۆڵدا نه‌ما.
له ئازربیجان و قەرەباغ، هەمان شت دوای چەند ساڵ لەداگیركاری لەلایەن ئەرمەنستان. بە چەكی پێشکەوتووی توركیا، به تایبه‌تی درۆن (فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان)، هاوسەنگی هێزی گۆڕی و قەرەباغی رزگار كرد. ئەرمەنستان تووشی داڕمان بوو. هەروەها له ئۆكرانیا درۆنی توركی ( بیرق دار) فاكتەرێكی گرنگ بووە دژی رووسیا بەكار هێنرا.
ئه‌مڕۆ سەده‌ی بیست و یەكه، بوێری و بەرخودان و دڵسۆزی باشە، بەڵام بۆ سەركەوتن تەواو نیە. وەكو دیارە، خەباتی چەكداری بە بیروباوەڕی چەپی رادیكاڵ، مۆدێلێكی كۆنی بەسەرچووە، ئێستا پێویستە كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان، كەناڵەكانی خەباتی مەدەنی بەهێزتر بكات، بەرهەڵستی سەربازی دژی توركیا چ لەباكوور چ لەباشوور، لەم بارودۆخەی ئەمڕۆدا، جگە لەوێرانكاری زیاتر، هیچ سوودی نابێت، باشترین خزمەتێكیش كە (پ ك ك) بۆ كورد و پاراستنی دەستكەوتەكانی كورد بیکات ئەوەیە، كە چەكدارەكانی لەهەرێمی كوردستان دوور بخاتەوە، ئاگربەستێكی یەكلایەنە دەرفەتیكی باش بە هەدەپە دەدات، بۆ بەهێزكردنی ئەم پارتە و داواكردن لە ئیدارەی بایدن، كە داوا لەحکوومەتی توركیا بكات، بە شێوەیه‌كی ئاشتی، پرسی كورد چارەسەربكات، كە بە بۆچوونی ئێمە، ئەمە بۆ هەموو لایەك، باشترین هەڵبژاردەیە.
* مامۆستای زانكۆ و سه‌رۆكی ڕێكخراوی تاسك










