گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، چاوەڕێی گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە دەکەین، کە بڕیارە لە بەغداوە وەک شایستەی دارایی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە كه‌ناڵى (کوردستان 24)ی ڕاگەیاندووه‌: “چاوەڕێین حکوومەتی عێراق 200 ملیار دینار ڕەوانە بکات و بۆ ئەو وردەکارییانەی هەیە بەرچاومان ڕوون بێت، ئەوکات لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار پێویست لەوبارەوە دەدەین، ئێمە وەک حکوومەت لەگەڵ ئەوەداین مووچە بە تەواوی بدرێت، هەوڵی جددیمان داوە کە مووچە 100% دابەش بكرێت”.

باسى له‌وه‌ش كرد، حکوومەتی عێراق بڕیارى داوە مانگانە 200 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، “ئێمەش چاوەڕێین بڕیارەکە جێبەجێ بکەن”.

گوتەبێژی حکوومەتى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌: “ناتوانین لە ئێستاوە بڕیار بدەین ئەم مانگە چۆن مووچە دابەش دەکرێت، تا وردەکاریی و پێشهاتە داراییەکان تاوتوێ دەکرێن، دواتر کۆبوونەوەی لەبارەوە دەکرێت و بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت”.

جووتیار عادل ده‌شڵێت: “دوای ناردنی بڕە پارەکە لە بەغداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بەپێی داهاتی بەردەست، پارە بۆ مووچە دابین دەکرێت، حکوومەتى هه‌رێمى كوردستان کۆمەڵێک ئیلتیزاماتی لەسەر شانە و تەنیا مووچە نییە، بەڵام ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: “لە 6/6/2021 سێیەمین نووسراوی ئاراستەی چاودێری حکوومەتی عێراق کرد، ئەوان لیژنەیەکیان ناردە هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر دەستبەکاربوو بۆ وردبوونەوە لە داهاتە نانەوتییەکان و دەروازەکان، چەند تیمێکی هاوبەش لە دیوانی چاودێری هەردوولا پێک هێنرا، تا ئێستا بەردەوامن لە کارەکانیان، ئەو داهاتە نانەوتییانە لە هەرێمی کوردستان بەدەست دێ، لەبەر دەستی تیمی هاوبەشە و چاودێریی دارایی هەردوولا دایە”.