بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو و قەرزارانی کرێی ئاو داوایەك ئاراستەی هاووڵاتییان دەكات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20/6/2021، له‌ ڕاگەیاندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی سه‌ر به‌ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، داوا لە هاوبەشانی ئاو دەكات بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆر لە نرخی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، لە نزیكترین كاتدا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن و مامەڵەی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی بە ڕێژەیەكی زۆر لێخۆشبوون بیانگرێتەوە.

لە چەند مانگی رابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنوێنییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو هەمواركردەوە و بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوە.

بە گوێرەی بڕیارە نوێیه‌كە، بۆ دابەزاندنی نرخی ئاو، نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆهەر مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت، وەك نموونە: ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ چوار مانگ 600 هەزار دیناری بۆ هاتبێتەوە، ئێستا تەنیا بڕی 180 هەزار دینار دەدات، واتە بڕی 420 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە كە ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی ئاودایە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت: هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكەین كە دەیانەوێت لە بڕیارەكە سوودمەندبن، چونكە ئامانجمان لە هەمواركردنەوەی بڕیارە كۆنەكە خزمەتكردنی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی بە بڕە پارەیەكی كەم زۆرترین قەرزەكانیان بدەنەوە.

ئاری  ئەحمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند:” ئەوەی قەرزی ئاوی لەسەر بێت ئەوە دەتوانێت سوودمەندبێ لەو بڕیارانە، ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بڕی 600 هەزار دیناری بۆ چوار مانگ بۆ هاتبێتەوە، ئێستا لەكاتی دانەوەی قەرزەكەیدا مانگی تەنیا 45 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە لەبری ئەو چوارسەد هەزار دینارە قەرزە، تەنیا 180 هەزار دینار دەداتەوە”.

جگە لەکەمکردنەوەی قەرزی ئاو  ئێستا واتا 23%ی کرێی ئاویش كەم كراوەتەوە.

ئاری ئەحمەد، ئاشكراشی كرد، ئەگەر هاووڵاتییەك لە خولەکانی پێشووتر لە یەک مانگ لە 45 هەزار دینار زیاتری بۆ هاتبێتەوە، بۆی رێک دەخرێتەوە لەسەر 45 هەزار دینار، گوتیشی: بۆ نموونە هەیە پارەی  زۆری بۆ هاتووه‌تەوە، 100 هەزار بێت یان هەر بڕە پارەیەكی تر، ئەوە هەر دەكرێتەوە 45 هەزار دینار و لەم مانگەوە ئەو بڕیاره‌ جێبەجێ دەكرێ، هەركاتێك كارمەندانی خوێندنەوەی پێوەر سەردانی ماڵان دەكەن، نرخەكان بەم جۆرە دەبن”.

ئەوەشی خستە ڕوو “ئەو هاووڵاتییانەی پێوەریان نییە، بۆ سێ مانگ 100هەزار دیناربوو دوای سێ مانگ دەبووە 200 هەزار دینار، بەڵام ئێستا گۆڕاوە و جێگیر كراوە و بووەتە 80 هەزار دینار، بەڵام باشترین و سەرەكیترین میكانیزم بۆ زانین و كۆنتڕۆڵكردنی ئاو لەلایەن هاووڵاتیانەوە، پێوەری ئاوە”.