ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئایاری2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئۆله دیل باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

لە دیدارەکەدا کە کلێمێنس زێمتنەر، کونسولی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵوێزی ئەڵمانیای کرد بۆ ئەرک و خزمەت و هەوڵەکانی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڵ ئەڵمانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.

باڵوێزی ئەڵمانیا جەختی لە بەردەوامبوونی پشتگیریی و هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە کردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەش و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.