له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوا له‌ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران ده‌كات، له‌ دانیشتنی سبه‌ی چوارشه‌ممه‌، كاتژمێر 1:00ی نیوه‌ڕۆ ئاماده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بده‌ن، كه‌ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا حه‌لبووسی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، “تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021 یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ گرنگه‌كان، كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان هه‌یه‌ و بڕگه‌ و مادده‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ چاره‌سه‌ری پێداویستییه‌كانی هاووڵاتییان ده‌كات، وێڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تیش له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی ده‌نێت و پشتگیری ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ ده‌كات، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌”.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، “داوا له‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین، سبه‌ی كاتژمێر 1:00 نیوه‌ڕۆ له‌ دانیشتنی ده‌نگدان به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ئاماده‌بن، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ك راشده‌گه‌یه‌نین، ناوی ئاماده‌بووان و ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نابن، بۆ رای گشتی راده‌گه‌یه‌نین”.