گوتەبێژى وەزارەتى تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند هەفتەى داهاتوو وەجبەى دووەمى پشکى هەرێمی کوردستان لە پێکوتەی کۆرۆنا دەگاتە کۆگانای وەزارەت کە لەلایەن وەزارەتى تەندروستیى عێراقەوە دابین کراوە و کە 187 هەزار ژەمە.
د. ئاسۆ حەوێزى گوتەبێژى وەزارەتى تەندروستىی حکوومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: “دواى گەیشتنى وەجبەى یەکەمى پێکوتەی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان و پێدانى بە پزیشک و کارمەندانى تەندروستى، بڕیارە هەفتەی داهاتوو
187 هەزار ژەمی پێکوتەکە بگاتە کۆگاکانى وەزارەتى تەندروستى و ئەمەش رێژەیەکى باشە و سوودێکى باشى بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان دەبێت”.
د. ئاسۆ حەوێزی ئەوەشى خستە ڕوو: “جگە لەو رێژەیەش وەزارەتى تەندروستیى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکى هاوبەشی لە پزیشکانى شارەزا و پەتاناسى پێک هێناوە و لیژنەکە چەند جارێک کۆبوونەوەیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکى دروستکردنى پێکوتەکە ئەنجام داوە، بۆ ئەوەى حکوومەتى هەرێمی کوردستان خۆى بیتوانێ پێکوتەکە لەو کۆمپانیایانە بکڕێت، چونکە حکوومەت زۆر گرنگى بەو بابەتە دەدات و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی وەزارەتی تەندروستی دەکات”.









