وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو وەجبەی دووەمی ڤاکسین بگاتە ھەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 180 ھەزار ڤاکسین دەبێت و بەپێی رێنماییەکان دابەش دەکرێن.
دکتۆر سامان بەرزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: دوای ئەوەی وەجبەی یەکەمی ڤاکسین گەیشتە ھەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی کرا و بەکار ھات، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو حکوومەتی عێراق وەجبەی دووەمی ڤاکسین بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات، چونکە حکوومەتی عێراق ڤاکسینی کڕیوە و پشکی ھەرێمی کوردستانیش لەو ڤاکسینەدا ھەیە.
ده‌شڵێت، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ڤاکسین بگاتە ھەرێمی کوردستان، کە 180ھەزار ڤاکسین زیاترە و دەکاتە دووەم وەجبەی ھاتنی ڤاکسین بۆ ھەرێمی کوردستان.
راشیده‌گه‌ێنێت، ھەر کاتێک ڤاکسینەکە گەیشت، ئەوکات بەپێی رێنماییەکان دەست بە دابەشکردن و بەکارھێنانی ڤاکسینەکە دەکرێت.