خهبات: رانیار دڵشاد:- سهردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و ههرێمی كوردستان، لهم بارودۆخهی كۆڕۆنا و نائارامیی عێراق، بووهته بابهتێكی گرنگ، بهتایبهت كه چهند ساڵێكه بیرۆكهی سهردانی پاپا بۆ عێراق ههیه، بهڵام لهبهر چهند هۆكارێك ئهو سهردانه نهكراوه. ههروهها سهردانی پاپا بۆ ههرێمی كوردستان و بهڕێوهچوونی رێوڕهسمێك له یاریگهی نێودهوڵهتیی فرهنسۆ ههریری له ههولێر پهیامێكی گرنگه كه ههرێمی كوردستان لهچاو بهشهكانی دیكهی عێراق جیاوازییهكی ههیه. بۆ زیاتر تیشك خستنه سهر ئهو سهردانهی پاپا، خهبات به پێویستی زانی چهند پرسیارێك له نووسهر و رۆژنامهوان و شرۆڤهكار شۆڕش عهزیز سورمێ بكات، كه زیاتر له 40 ساڵه له ئیتاڵیا دهژیت.
* سەردانی پاپا لەم بارودۆخەدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چ پەیامێک دەگەیەنێت؟
– سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و کوردستان سەردانێکی مێژوویی دەبێت، کە لە رێککەوتی 5ی ئەم مانگی دەست پێدەکات و سێ رۆژ دەخایەنێ. سەردانەکەی قەداسەتی پاپا کاریگەرییەکی زۆر دەکاتە سەر پێگەی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەروەها بە پاڵپشتیەکی پتەوی روحی دادەنرێت بۆ کریستیانەکانی ناوچە، کە لەم کات و ساتەدا پێویستیەکی زۆریان بەو پاڵپشتیە هەیە، بەتایبەتی دوای ئەو ئازار و ئەشکەنجە زۆرەی کە ماوەیەکی زۆرە دەیچێژن بە هۆی نالەباری بارودۆخی وڵاتەکە. هاوکات پەیامی سەرەکی ئەم سەردانە گەیاندنی ئاشتی و پێکەوەژیانە لە نێوان گشت نەتەوە جیاجیاکان بێ هەبوونی جیاوازی لە رووی ئاین و نەتەوە .
* بەڕای ئێوە هاتنی پاپا، بۆ پێکهاتەکانی عێراق، بەتایبەتیش ئەوانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق کەوتنە بەر هەڕەشەی لەناوچوون، ئومێد بەخشە؟
– بێگومان سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ ئەو وڵاتە، کە شوێنی لەدایکبوونی ئیبراهیمی پێغەمبەرە، ئومێدێکی زۆر بە پێکهاتە جیاجیاکانی ناوچەکە دەبەخشێ، بە تایبەتیش هاتنی لەم کاتە هەستیارەدا، بەهۆی ئەو بارودۆخە ناجێگیرەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، بوونی داعش و چەندین میلیشای توندڕەی تر، کە بەردەوام خەریکی قۆزتنەوەی بارودۆخێکن بۆ تێکدانی ئارامی ناوچەکە. هەر بۆیە بڕیارەکەی پاپا بۆ ئەنجامدانی ئەم سەردانە بە بریارێکی بوێر لەقەڵەم دەدرێت، کە مەبەستی سەرەکی هێورکردنەوەو بڵاوکردنەوەی ئاشتیە لە سەرتاسەری جیهان.
* هاتنی پاپا بۆ هەولێر پێگەی هەرێم لە عێراقدا بەهێز دەکات؟
– بەلێ ، پێگەی هەرێم لە دوای سەردانەکەی پاپا بەرزتر و بەهێزتر دەبێت، نەک تەنیا لە سەر ئاستی عێراق بەڵکو لە سەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراستیش، هەروەها بە جێ گەیاندنی مەراسیمی نوێژکردنی پاپا لە یاریگای نێودەوڵەتیی شەهید فەرەنسۆ هەریری خۆی لە خۆیدا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە لە پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بەبێ بوونی هیچ هەستیاریی و دەمارگیرییەک، هەروەها پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان خاڵێکی جیاکەرەوەی هەرێمە لەگەڵ عێراق، هەر ئەمەش وایکردووە کریستیانەکانی ئیتالیا بە رێزەوە لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بڕوانن سەبارەت بە پێکهاتە ئایینییەکان. هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە تیایدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان هەست بە ئاسوودەیى دەکەن و هیچ کەسێک لەسەر جیاوازى نەتەوەیى رووبەڕووى کێشە نەبووەتەوە، بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکات. ئەمەش وایکردووە کە ههرێمى كوردستان ببێتە ماڵ و مهنزڵگاى پێکهاتە ئایینى، نهتهوهیی، كهلتورى، ئیتنیه جیاوازهكان.
* بەشێوەیەکی گشتی سەردانی پاپا بۆ وڵاتان چی بەو وڵات و شوێنانە دەبەخشێت؟
– پێش هەموو شتێک ئەم سەردانەی پاپا بە یەکەم سەردانی پاپا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست دادەنرێ، هەروەها یەکەم سەردانیشە کە لە دوای بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید 19 ئەنجامی بدات. هەروەها پاپا لە هەر سەردانێکیدا بۆ هەر وڵاتێک پەیامێکی ئاشتیخوازانە لەگەڵ خۆیدا دەبات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا مەرج نیە پەیامەکانی کاریگەری لەسەر بارودۆخی سیاسی وڵاتەکە بکات، بەڵام ئەوەی لە دەستی بێت هەوڵ دەدات بە دروستی بیگەیەنێت بە سەرکردەکانی ئەم وڵاتانە.
* سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ڤاتیکان، تا چەند ڕۆڵی لەوەدا هەبووە ڤاتیکان سەردانی پاپا بۆ هەرێم بخاتە ئەجندای سەردانەکەی بۆ عێراق؟
– بیرۆکەی سەردانی پاپا بۆ هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ئەو چاوپێکەوتنە دێت کە بەرێز مەسرور بارزانی لە مانگی شوباتی ساڵی (2020) ئەنجامی دا هەر ئەو کاتە راستەوخۆ بانگهێشتی فەرمی ئاراستەی پاپا کرا بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق. هەرچەندە ئەو بیرۆکەی پاپا بۆ سەردانیکردنی عێراق یەکەم بیرۆکە نەبوو، بەڵکو پاپای کۆچکردوو جۆن پاولی دووەم لەکۆتایی ساڵی 1999 پلانی سەردانیکردنی عێراقی داڕشتبوو، بەڵام بە هۆی ئەو ئابڵوقە گشتیەی کە ئەو کات خرابووە سەر عێراق نەتوانرا ئەنجام بدرێ.










