خوناو حسن ساڵح
لە 6/10/1993 تەرمی نەمران مستەفا بارزانیی و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو لە رێورەسمێكی شكۆداردا هێنرانەوە كوردستانی باشوور. هەر لە پێنجوێنەوە تا سلێمانی و كۆیە و هەولێر و بارزان بە سەدان هەزار كەس، لە هەموو چین و توێژ و كەرتی كۆمەڵایەتی و پیاوانی ئایینی و كەسایەتیی كورد و توركمان و ئاشوری و عەرەب لە پێشوازیدا بوون.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی بارزانیی نەمر و سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاریی كورد و كوردستان.
بارزانیی نەمر وەك لە ژیانی پڕ لە سەروەری خۆیدا نموونەی بێ هاوتای سەركردەی لێوەشاوە و بەئەمەكی كێشەی رەوای نەتەوایەتیمان بوو، لە دووری هەزاران كیلۆمەترەوە حزوری خۆی لە گۆرەپانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كوردمان دەچەسپاند، ئێستاش لە گۆریشەوە هەمان كاریگەری خۆی لە سەر بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان و ئەزموونی دیموكراتی گەلەكەمان هەیە، هەر بە تەنیا رۆحی بەهەشتیی سپی و بێگەردی ئەوە بووەتە خێوەتی مەزنی كوردایەتی و سایەی سەری هەموو لایەن و تەوژمە جیاجیاكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كورد. لە ساتە سەختەكانیشدا دەبێتە هەوێنی تەبایی و برایەتی و یەكێتی، چونكە بارزانی ئەو رێبەرە مەزنەیە كە هەمیشە بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد و عەدالەتی كۆمەڵایەتی دەكرد…

بارزانیی نەمر لە خەباتا خۆراگر و پشوودەرێژ بوو، لە شەردا قارەمان و بە جەرگ و بوێر بوو، لە ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمەدا بە سەبر و لە خۆبوردوو بوو، لە لێقەوماندا دووربین و هێمن و ئارام بوو، هەمیشە وشیار و چاوی بێدار و ویژدانی زیندووی گەل و خەمخۆری خواستە رەواكانی بوو، بارزانیی نەمر بەو هەموو خەسڵەت و سیفاتە بەرزانە پتر لە نیو سەدە سەركردایەتی شۆرش و دەیان ساڵیش رێبەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد. بارزانیی نەمر لە ژیانی پر سەروەری خۆیدا سەركەوتنی زۆری بە دەست هێنا، هەندێک لەوانە:
* ناساندنی كورد و كێشەكەی بە جیهان، بەرادەیەك كە ناوی ئەو بووەتە ناونیشانی نەتەوەیەك و هێمای كێشە رەواكەی.
* دروستكردن و دامەزراندنی قوتابخانەیەكی مەزنی خەبات و تێكۆشانی سیاسی و چەكداری كە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە و نەوە لە دوای نەوە سوود و بەهرەی لێ وەردەگرین.
* وشیاركردنەوە و رێكخستن و راپەراندنی ملیۆنەها كورد و بەرزكردنەوەی وشیاریی سیاسی لە ناویاندا.
* بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان لە رێكکەوتننامەكەی 11ی ئاداری 1970 كە كۆمەڵێك خواستی نەتەوایەتی گەلەكەمانی تێدا وەدەست هێنا و رژێمی عێراقی ناچار كرد كە دان بە كورد و مافەكانیدا بنێ.
* بنەمایەكی دیكەی گرنگی رێبازی بارزانیی نەمر تێروانینی ئەوە سەبارەت بە حزبایەتی و كاری سیاسی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە دەستپێشخەری ئەو دامەزرا.
* بە بۆچوونی ئەو دەبێ حیزب هەمیشە لە خزمەتی جەماوەردا بێت و خۆی بە سەر توێژی گەل نەزانێت.
* لای ئەو بەرژەوەندیی گەڵ بە پلەی یەكەم دەهات، چونكە پێیوابوو كە حزب دەزگایەكە بۆ خزمەتی گەل و گەیشتن بە ئامانج
هەر لەبەر ئەمانەش بوو كە بارزانی خاوەن ئەو جەماوەرە لە بن نەهاتووە بوو كە تاوەكو ئێستا لە زێدەبوون دایە.

“د. كۆنتر دشنر” رۆژنامەنووس و لێكۆڵێنەری ئەڵمانی دەڵێ: لە بەهاری 1979 ئامادە بووم لە ناشتنی تەرمی سەركردەی كورد “مستەفا بارزانی”، بە روونی بۆم دەركەوت كە ئەم هەموو خەڵكە تەنیا بۆ بەشداریكردن لە بە خاكسپاردنی تەرمی سەركردەی خۆیان نەهاتوون، بەڵكو بۆ ماڵئاوایییە لە كەسایەتییەكی گرنگی سیاسی و عەسكەری لە درێژایی مێژوو لە دوای سلاحەدین ئەیوبی.

چەند دروشمێكی بارزانیی نەمر: “كەركوك دڵی كوردستانە، هەر كاتێك مرۆڤ توانی بە بێ دڵ بژی ئەوكاتە دوژمن دەتوانێت كەركوك لە كوردستان جودا بكاتەوە”…
“ڕۆژێك دێت كوردستان رزگار ببێت و كەركوكیش ببێت بە پایتەختی كوردستان”