لەمڕۆ ئێوارەوە هەولێر بازگەكانی خۆی بە ڕووی پاسە گەشتیارییەكاندا داخست، ئەمەش بۆ پاراستنی شارەكە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سەلام ئیبراهیم بەرپرسی بازگەکانی هەولێر بۆ میدیاكانی ڕوون كردووەتەوە كە بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەواوی بازگەکانی هەولێر بە ڕووی پاسە گەشتیارییەکانی شارەكانی عێراقدا داخران.

جێی باسە چەند ڕۆژێكە بە شێوەیەكی بەردەوام ڕێژەی تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەرەو زیادبوون دەچێت، بە تایبەتییش دوای بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی پەتاكە، هەردوو حكوومەتەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش ڕێوشوێنی خۆپاراستنی توندتریان راگەیاندووە.