مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی د. رۆژ نوری شاوەیس پەیامێکی بڵاوکردەوە.

سەرۆکی حکومەت بۆ کۆچی دوایی د. رۆژ رایگەیاندووە، هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتکار و پێشمەرگەی ئازا و فەرماندەی بە توانا و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، (د. ڕۆژ نووری شاوەیس) لە ناخەوە زۆر خەمباری کردم.

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەی دەڵێت، د. ڕۆژ و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی، رۆڵێکی دیار و گرنگییان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەیە و بە کۆچی دوایی د.ڕۆژیش، گەلی کوردستان تێکۆشەرێکی گەورە و سیاسەتکارێکی بە ئەزموونی لە دەستدا.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بە خەمگینی و ماتەمینیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتکار و پێشمەرگەی ئازا و فەرماندەی بە توانا و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، (د. ڕۆژ نووری شاوەیس) لە ناخەوە زۆر خەمباری کردم.

د.ڕۆژ و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی ، ڕۆڵێکی دیار و گرنگییان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەیە و بە کۆچی دوایی د.ڕۆژیش، گەلی کوردستان تێکۆشەرێکی گەورە و سیاسەتکارێکی بە ئەزموونی لە دەستدا کە لە هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گرنگانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیبووە ، هەمیشە داکۆکیکارێکی بەهێزی مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو و نموونەی وەفاداری بوو.

بەم بۆنە خەمناکەوە ، پرسە و سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە خۆمان و بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری خوالێخۆشبوو  د. ڕۆژ دەکەم . خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامیی و دڵنەواییش بە هەموومان ببەخشێت.

خەبات و تێکۆشانی د.ڕۆژ، هەمیشە لە یادماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/2/15