پڕۆژه‌ بودجەی ساڵی 2021ی عێراق جگە لە مادەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم  كۆتایی هاتووە و بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەپێی ڕێكکەوتنی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق تاكو لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەگەنە ڕێكکەوتن، پرۆژەكە نەخرێتە دەنگدانەوە. 

بەپێی زانیارییەكان، گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومه‌تی فیدڕاڵی لەسەر پشكی هەرێم و دۆسیەی نەوت گەیشتوونەتە چەند خاڵێكی هاوبەش بڕیارە بۆ تەواوكردنی دانوستانەكان و گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازە نوێیەكان چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌ شاندی باڵای دانوستانكاری هەرێمی كوردستان جارێكی دیكه‌ سەردانی بەغدا بكاتەوە.

به‌گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان بڕیارە لە سەردانی ئەمجارەدا لەسەر بنەمای ئەو داتا و زانیاریانەی هەرێم ڕادەستی بەغدای كردوون، گفتوگۆ لەسەر ووردەكاری ڕەشنووسەكەی لیژنەی دارایی بكرێت و رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر جێگیركردنی پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ بكرێت.