جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، داواکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵی نادەستوورین و هەولێر دەیەوێت تەواوی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌پێگه‌ی ناوەندی هەواڵی عێراقی راگه‌یاندووه‌: هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور ئامادەیە تەواوی پابەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکات، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێ بەغدا مافەکانی هەرێمی کوردستان بدات.
ده‌شڵێت:ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە بەستنەوەی سەرجەم نەوتی هەرێمی کوردستان بە یەک ئیدارەی سەر بە حکوومەتی ئیتیحادی قسەی لەبارەوە کردووە، داواکارییەکی نادەستوورییە.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: لایەنە عێراقییەکان مەینەتی شارەکانی ناوەڕاست و باشوور دەخەنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش پێچەوانەی راستییەکانە، هەروەها دەڵێ، ئەگەر کێشەکانی بەسڕە و شارەکانی دیکە بە دەستبەرداربوون لە شایستە داراییەکان چارەسەر دەبێت، ئەوا کوردستان ئامادەیە دەستبەرداریان بێت.