عەبدولموهەیمەن بارزانی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەواشەکاریی چەند پەیجێک بەدرۆ دەخاتەوە.
عەبدولموهەیمەن بارزانی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (خەبات)ی ڕاگەیاند: چەند ڕۆژێکە، لە چەند پەیجێک هەواڵێکی چەواشەکارانە بڵاوکراوەتەوە، گوایە من لە جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کورستان توڕە و نیگەرانم، ئەمە هەواڵێکی هەڵبەستراوە و هیچ بناغەیەکی نیە و درۆیەکی گەورەیە، ئەوانەی لە پشت ئەو چەواشەکارییەن، بۆ مەبەستی خۆیان کە شێواندنی ڕاستی و دروستکردنی فەوزایە، پەنایان بردۆتە بەر درۆ هەڵبەستن.
هەروەها گوتی: لێرەوە ئەو هەواڵە چەواشەکارییە ڕەت دەکەمەوە و بە درۆیەکی گەورەی دەزانم کە بە ناوی ئێمەوە هەڵبەستراوە، بەو چەواشەکارانە دەڵێم ئەندام و لایەنگر و دۆستانی پارتی زۆر لەوە هۆشیارترن بڕوا بەو درۆ و دەلەسانە بکەن.
زیاتر گوتی: 56 ساڵە لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکەم و ئێستاش کە لە سەرکردایەتی ئەم حزبە دام، هەمیشە خۆم بە وەفادار بۆ ڕێبازی بارزانی و پارتی دەزانم، بۆیە ڕایدەگەیەنم من بە هیچ شێوەیەک لە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان زویر نیم، بە پێچەوانەوە تا ماوم جەنابی سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی خۆم و پارتی بە حزبی خۆم دەزانم و خۆم بە سەربازێکی بە وەفای ئەم ڕێبازە دەزانم و دەمێنم.