چرا شەماڵ
باشترین دەسپێک بۆ قسەکردنێکی کورت و پوخت لەسەر دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان لەچەند قۆناغ و وێستگەیەکی جیاوازدا ئەوەیە کە بە پرسیارێکی سەرەکی دەست پێ بکەین ئەویش ئەوەیە ئایا هەرێمی کوردستان لە دوای ساتەوەختی دروست بونیەوە بەرەو باشی و گەشەکردن رۆیشتوە وەک هەندێک دەڵێن ، یاخود بەرەو خراپی و داکشان ڕۆیشتوە وەک هەندێکی دیکە دەیڵێن ؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی لێکۆلینەوەو توێژینەوەی دورو درێژی شارەزایانی ئەو بوارە هەیە ، بەڵام من لێرەدا بە کورتی ئاماژە بەچەند وێستگەیەک دەدەم کە دەکرێت و پێویستە لەسەر هەر یەکێک لەو وێستگانە بوەستین و قسەی زیاتر و لێکۆڵینەوەی زیاتر و ورد تر بکەین :
قۆناغی یەکەم: سالی 1991 بۆ 2003
لەم قۆناغەدا کە قۆناغی سەرەتاو دەستپێکی دەسەلاتی خۆماڵی کوردی و بێ ئەزمونی لە حوکمرانیدا و سەردەمی ئەقلیەتی تەواو شۆرشگێری و شاخ و کەمتر زۆر کەمتر عەقڵیەتی حوکم رانی مەدەنی و یاسایی و ئیداری باوی بو ،نەک بارودۆخی ئابوری بگرە بارودۆخی سیاسی و حیزبی و حوکمرانیش سەرەتای بو ، سەرەتایەکی خراپیشی بو ، جگە لە نەبون یان سنورداریی سەرچاوەی داهات ،شەری ناوخۆیش بوە دێوەزمەیەکی کوشندە بۆ گیانی بارودۆخی ئابوری و گەشەکردن ، بەجۆرێک کە لەسەدا نەوەدی بودجەو داهاتی هەرێم بۆ ئەو شيرە تەرخان کرا ، کە لەراستیدا ئەم بودجەو داهاتەش لەجیاتی ئەوەی بچێتە گیرفانی حکومەتەوە دەچوە گیرفانی حیزبەوەو لەوێوە بەشی حکومەت دەدرا تا دواتر وردە وردە گیرفانی حکومەت جێ ی گیرفانی حیزبی گرتەوە .
سەرچاوەی داهاتی هەریمی کوردستان لەم قۆناغەدا هەمو ئیعتیمادێکی لەسەر گومرگی خالەسنوریەکان بو لەگەڵ هەندێك لە داهات و باج و روسوماتی ناوخۆ ، لەریگەی ئەوداهاتانەوە موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و موچەخۆرە جیاجیاکانی ، دیکەی حیزبەکان دەدرا لەگەڵ جێبەجێکردنی هەندێك پرۆژەی بچوك ، هاولاتیان لەم قۆناغەدا لەبارودۆخێکی ئٔابوری و ژیانێکی سادە و خراپدا دەژیان و گوزەرانیان دەکرد ، ژمارەی دانیشتوان کەمتر بو لە ئێستاو ژیانی خەلک بەگشتی سادەتر بو ، داواکاری و خواستی خەلک لە ئێستا زۆر کەمتربو ، هۆیەکانی گواستنەوەو خزمەتگوزاری کەمتر بون یان هەر نەبون ،بۆیە قەیرانی ئابوری زۆر زومی نەکرابوە سەر تەنها ئەوەبو کە ژیانی ئەوانە تاڵ بو کە لەخوار هێڵی هەژاریەوە بون .
قۆناغی دووەم:لە2003 بۆ2014
دەتوانین ئەم قۆناغە ناو بنێین قۆناغی زێڕینی گەشەی ئابوری و باروگوزەرانی خەلک لە هەرێمی کوردستاندا ، ئەمەش بەو هۆیەوە بو کە دوای روخانی رژیمی دیکتاتۆری لە عیراق هەرێمی کوردستان چوە قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی و ئابوری و تەنانەت سەربازی و دیبلۆماسی و فەرهەنگیشەوە ، لەم قۆناغەدا بەشیوەیەکی یاسایی و بەپێ ی بنەماکانی دەستورە نوێ یەکەی عێراقی دوای بەعس بودجە بۆ هەریمی کوردستان دیاریکرا کە مانگانە برە پارەیەکی باش دەهاتە هەریمی کورستانەوە ، دەرگای خێرو بێرو خوشگوزەرانی بە رووی هاولاتیاندا کرایەوە ، حکومەت گیرفانەکانی پڕ بو بو لە پارە ، بۆ بیانو دەگەڕا تا بەهۆیەوە پارە بەسەر چین و توێژە جیاجیاکاندا دابەش بکات ، سولفەی زەواج و سولفەی عەقاری کشتوکاڵی و خانوبەرەو پرۆژەی بچوک و زۆر سولفەی دیکە بەشێک لەو بیانوانە بون کە بەهۆیەوە سەدان ملیۆن دۆلار درایە هاولاتیان ، چەندین پروژە ی گرنگ و ستراتیژی و مام ناوەندو بچوک ی خزمەتگوزاری پێشکەش کران ، موچەو دەرماڵە بەرێژەیەکی زۆر زیادی کرد ، خەلکێکی زۆر دامەزرێنران بەتایبەت دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان ، هەریمی کوردستان گەشانەوەی زۆری بە خویەوە بینی ، بەڵام دواتر مالکی و شیعەکان ھەرەشەی کەمکردنەوەو برینی بودجەی ھەرێمیان کرد ئەمەشیان لەبەر چەند هۆکارێک کرد کە من ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم :
ا- بۆ رێگە گرتن بو لە گەشەسەندنی زیاتری هەریمی کوردستان و فراوان بونی بۆشایی نێوان بەشەکانی ناوەراست و خوارو ی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەروی گەشەی ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتی و خۆشگوزەرانیەوە .
ب- بۆ ناجار کردنی هەرێمی کوردستان وهێزی پێشمەرگە بو تا لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بکشێتەوە سنوری هەرێم و دەسەلاتی پێشمەرگەو هەرێمی کوردستان بەسەر ئەو ناوچانەوە نەمێنێت .
ج – فشاری هەندێک وڵاتی ناوچەیی لەسەر دەسەلاتدارانی بەغدا تا رێگری بکەن لە گەشەکردنی زیاتری هەرێم کە ئەوان وادەیان بینی ئەم گەشەکردنە ئەگەر بەردەوام بێت مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەوان دروست دەکات.
ئەم فشارانەی مالکی و دەسەلاتدارانی شیعە وای کرد ھەرێم ناچاربێت بیر لە ئەلتەرناتیڤ و بونیاد نانی ئابوری سەربەخۆ بکاتەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی کرد بە گەران و دۆزینەوەی نەوت و دەرھێنانی و فرۆشتنی ، کاتێک هەرێم بریاری دۆزینەوەو دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی دا نرخی بەرمیلێک نەوت نزیک بو لە سەد دۆلاری ئەمریکی ، بەلام دواتر چەند شەپۆلێکی زریان ئاسای کێشەو قەیران رویان لە جیهان و هەرێمی کوردستان کرد کەلە قۆناغی سێهەمدا ئاماژەی پێ دەدەین.
قۆناغی سێیەم: لە 2014 بۆ 2020
لەم قۆناغەدا هەرێمی کورستان چوە ناو بارودۆخێکی تاقەت پروکێن و قورسەوە ، ئەوانیش بریتی بون لە دابەزینێکی کوشندەی نرخی نەوت بەجۆرێک کە نرخی بەرمیلێک نەوت هاتە سەر بیست بۆ سی دۆلار کە ئەو نرخە بۆ هەرێم نەک سودی نەبو بگرە لە تێچوی بەرمیلێک نەوت کەمتر بو ، پاشان برینی بودجە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوەو هیرشی داعش بۆسەر هەرێم و هاتنی ملیۆنان ئاوارە بۆ هەرێم کە ئەمانە هەرێمیان خستە دۆخێکی مەترسیداری ئابوری و ئەمنی و سەربازیەوە.
لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان لەیەک کاتدا کەوتە ناو جەنگێکی کوشندەی فرە لایەنەوە ، لەلایەک روبەرووی هیرشی تیرورستانی داعش بوەوە ولە جەنگێکی قورسدا بو بەرامبەر گەورەترین گروپی تیرورستی لە جیهاندا ، لەلایەکی ترە وە جەنگی دابەزینی کەمەرشکینی نرخی نەوت ، هاتنی ژمارەیەکی زوری ئاوارە و برینی بودجەی هەرێمی کوردستانیش لە لایەن بغدادەوە دو جەنگی دیکە بون کە هیچیان کەمتر نەبو لە جەنگی دابەزینی نرخی نەوت و شەری داعش ، بگرە قورستریش بون .
هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەردو سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی بەدەستەوە بو بەرپرسیارانە شانی دایە بەر هەمو ئەو جەنگ و قەیرانە کوشندەو تاقەت پروکێنانە و تاڕادەیەکی زۆریش بەتەنها شانی دابوە بەر ئەو جەنگ و قەیرانانەو بەداخەوە تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی لە بەرپرسیارەتی خۆیان دزیەوە ، هەندێکیان رایان کرد و لەولاوە کەوتنە پەلاماردانی ، هەندێکیشیان بەشەرمنیەوە لەگەڵی بون و لەولاشەوە دژی بون و لەسەنگەری پەلاماردەرانیدا بون .
ئێستا بارودۆخ بەجۆرێکی ترە و بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت ، داهاتی هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بەشی موچە ناکات ، حکومەتی ناوەند بودجە نانێرێت ، بارودۆخی موچە خۆران و کاسبکاران و بازار داتەپیوە ، هێەش و پەلاماری حیزبە شەعبەویەکان بۆسەر حکومەت و پارتی چربۆتەوە لەهەرێـم و لە بەغداش ، ژمارەیەک پەرلەمانتاری بەناو کورد لە بەغدا بونەتە دەلالی دوژمنانی کورد و ئاو دەکەن ئاشی دەسەلاتدارانی دژە کوردی بەغداوە و لەگەل هەندێک هێزی ناوخۆیی و هێزی شیعەو سوننەی دژە کورد و هەندێک ولاتی ناوچەیی بەچری کار لەسەر تێکشاکاندنی ئیرادەی هەرێمی کوردستان دەکەن ، ئەمە مەترسیدارتریین قۆناغی ئەو جەنگە فرە لایەنەیە کە هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان چەند ساڵێکە لەبەرانبەریدا وەستاون و خۆیان راگرتوە ، ئەم قۆناغەی جەنگەکە تێپەرێنین ئیتر لەسەرکەوتن نزیک دەبینەوەو ئاهێک بەبەری هەرێمی کوردستاندا دێتەوەو خەلک تارادەیەکی باش ژیان و گوزەرانی ئاسایی دەبێتەوە ، تاکە چارەسەریش هەر ئەوەیە کە زیاتر خۆ ڕاگر بین و ملکەچی داواکاری و فشارە سیاسییەکانی بەغدا نەبین ، ئەو داواکاری و فشارانەی کە ئەگەر ملکەچیان بین ئەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان بونی نامێنێت ، ئەوسا لەروی دەستوری و یاسایی و سیاسی و ئابوری و ماف و ئازادیەکانەوە دەچینەوە چوارچیوەی یەکەمی پێش ڕاپەرینی ئاداری ١٩٩١ ، چونکە خواستی ئەوانەی لە بەغدا حوکمرانی دەکەن و خەیاڵ و زیهنیەتی ئەوانە لەگەڵ خواست و خەیاڵ و زیهنیەتی سەدام هیچ جیاوازی نیە تەنها جیاوازیەک کە هەیانبێت ئەوەیە سەددام و دەست وپێوەندەکەی عەرەبی سوننەی دژە کورد بون ئەمان عەرەبی شیعەی دژە کوردن ، مادام ئەوان هەر عەرەبن و هەلگری هەمان خواست و سایکۆلۆجیەت و بیروباوەری شۆڤێنیانەن و کوردیش هەمان کورد و هەڵگری هەمان خواست و سایکۆلۆجیەت و بیروباوەری کوردانەو ئازادیخوزانەن ئەوە پەیوەندیەکانیش هەمان پەیوەندی ناحەزانەو دوژمنکارانە دەبێت کە پێشتر لەنێوان هەردولادا هەبوە ، ئەوەی ئەم پەیوەندیانە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی دۆستانەو هاونیشتیمانیانەر راستەقینە گۆڕینی عەقڵیەتی عەرەبە بە سوننەو شیعەوە کە ئەمەش زۆر جێ ی ئومێد و دلخۆشی نیە.









