وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێدانی مووچەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین دەڵێت، هاوکاریی هاوپەیمانان بەبێ دەستکاری دەدرێتە لیواکانی پێشمەرگە.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت “بڕیاردرا ئەو بڕە هاوکارییەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابیندەکرا راستەوخۆ بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو رێگەیەوەش بڕی هاوکارییەکە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن بدرێت بەلیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.”

دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە

هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە قارەمانەکان بەردەوامە، لەم چوارچێوەیەشدا پاش راوێژ و گفتۆگۆی راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لەگەڵ بەڕێز وەزیری پێشمەرگە، دوای رەزامەندی بەڕێز سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران. بڕیاردرا ئەو بڕە هاوکارییەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابیندەکرا راستەوخۆ بخرێتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو رێگەیەوەش بڕی هاوکارییەکە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن بدرێت بە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەو بڕیارە دوای ئاراستەی دروستی هەنگاوەکانی چاکسازی دێت لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بەهاوکاری هاوپەیمانان بەردەوامی هەیە بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی سەردەمیانە. لەمڕوەشەوە هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە چڕترکراونەتەوە، بۆ ئەوەی قەبارەی هاوکارییەکان باشترو فراونتر بکرێت و لە هەنگاوەکانی دادێی پڕۆسەی “رێکخستنەوە و یەکخستنەوەدا” سەرجەم هێزەکان بگرێتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
۲٤ی ۱ی ۲۰۲۱