بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێکهێنانی هێزێک بۆ رێگرتن لە قاچاغچێتی لە دەورازە سنوورییەکان داهاتی دەروازەکان زیاد دەکات.

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ـی راگەیاندووە، گومرگ لە دەروازە سنوورییەکان بە سیستەم کار دەکات و رێگا بە قاچاغچێتی نادات، ئەو قاچاغەی دەکرێ لە دەرەوەی سیستەمی گومرگ لە دەروازەکان دەکرێت.

ساماڵ عەبدولڕەحمان هەروەها رایگەیاندووە، پێکهێنانی هێزێکی سەربازی و ئەمنی بۆ رێگرتن لە قاچاغیی دەروازە سنوورییەکان ”كاریگەری ئەرێنی“ی لەسەر داهاتی دەروازەکان و رێکخستنەوەی جووڵەی بازرگانی، دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەكان بە ئاماژەکردن بەوەی هەماهەنگی لەگەڵ هێزە هاوبەشەکە دەکەن، رایگەیاندووە، رێگریكردن لە حاڵەتەکانی قاچاغچێتی لە دەروازە سنوورییەکان تەنیا ئەركی گومرگەكان نییە، ”بەڵكو ئەركی ھەموو ھێزەكانە، وەك پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی سنوور“.

لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە 7-1-2021ـی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، ئەنجومەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی بۆ دروستکردنی هێزێکی تایبەت و هاوبەش، راسپارد.

ئەرکی هێزە هاوبەشەکە رێگرتنە لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.