سندوقى دراوى نێودەوڵەتى پێشوازى لە هەوڵى دەسەڵاتدارانى عێراق کرد بۆ ئەنجامدانى چاکسازیی لە سیاسەتى دارایی گشتى و نەختینەیی لەناویاندا دابەزاندنى بەهاى دینار.
سندوقى دراوى نێودەوڵەتى لە بەیاننامەیەکدا (25 كانونى یەکەمى 2020) ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو چاکسازییانە گرنگییەکى زۆرى هەیە بۆ گرەنتى سەقامگیریی ئابورى عێراق.
توكير ميرزوييف سەرۆکى نێردەى سندوقەکە لە عێراق رایگەیاند “کاریگەرییەکانى پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى بەرچاوى داهاتى نەوت مەترسیان دروستکردووە و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی ئابورى عێراق”.
وتیشى “بەردەوامى چاکسازییەکان لە قۆناغى داهاتوو، کاریگەرى زۆرى دەبێت لەسەر بەهێزکردنى دەستکەوتەکان لەکورت مەودادا”.









