مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كریستیانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و جیهان كرد.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، پیرۆزبایییەکی گەرم لە خوشک و برایانی کریستیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم لە کەشێکی ئارام و پڕ لە کامەرانیدا رۆژانی جەژن بەسەر ببەن.

کریستیانەکان پێکهاتەیەکی گرنگ و رەسەنی کۆمەڵگەی کوردستانن و لە گەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا، رۆڵێکی گرنگییان لە پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردستاندا گێڕاوە و هەرێمی کوردستانیش، بووەتە مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینیی لە ناوچەکەدا. لەم بۆنە پیرۆزەدا، پابەندبوونی خۆمان بە قووڵکردنەوە و بەهێزکردنی کولتووری لێبوردەیی و تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دووپات دەکەینەوە، کە یەکێکە لە شانازییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئومێدەوارم هاتنەوەی ئەم جەژنە و ساڵی نوێ، ببێتە مایەی سەقامگیربوونی ئاشتی و تەناهی و کۆتایی هاتنی قەیران و نەهامەتییەکان لە کوردستان و جیهاندا.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/12/24