هەفتەیەك زیاترە شاندی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق سەبارەت بە شایستە داراییەكان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدایە، هاوكات ئەمڕۆ عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رای گەیاند كە لەبارەی بەدجەی 2021 لەگەڵ هەرێم گەیشتوون بە رێككەوتن.

نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 145 هەزار دیناری عێراقی جێگیر دەبێت

ئەمڕۆ شەموو  عه‌لاوی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا تیشكی خستە سەر چەند باسێكی گرنگ پێوەست بە تەنگژەی دارایی و ئابووری لە عێراق، وەزیری دارایی عێراق رای گەیاند، لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە بودجەی 2021 گەیشتوون بە رێككەوتن، وەك ئاژانسی هەواڵی فەرمی بڵاوی كردەوە، لەسەر بودجەی 2021 لەگەڵ هەرێم گەیشتوون بە رێككەوتن و ئەو شاندەی هەرێم لە بەغدایە، گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەكانی 2020 دەكات.
وەزیری دارایی عێراق روونی كردەوە، بودجەی 2021ی عێراق چاكسازییە و كەس ناتوانێ نكووڵی لەوە بكات، ئەو بە فەرمی بەرزكردنەوەی نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بۆ 145 هەزار دیناری عێراقی راگەیاند و گوتی كە بەیاننامەیەك لەوبارەوە بڵاو دەكەنەوە و هەریەك لە پەرلەمان و لیژنەی دارایی پەرلەمان و سەرانی فراكسیۆنەكان زانیاریان بەو ئاراستەیەی حكوومەت هەیە.