لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئێوارەی ئەمڕۆ (16 كانونی یەكەمی 2020) شاندی باڵای حکومەتی هەرێم، سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەردوو جێگرەکەی، و سەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكان، لە هۆڵی دەستوریی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێم پابەندە بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و ئامادەیە ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاساکە جێبەجێ بکات، لە بەرامبەریشدا داوای كرد ئەنجومەنی نوێنەران ھاوكار بێت بۆ جێبەجێ كردنی یاساكە و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان.
لە دوای وتەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی دانووستانەکانی هەرێم و بەغدا پێشكەش كرد و لەمبارەیەوە گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكران.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: پەرلەمان پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، ئەو چارەسەرەش خۆی لە پابەندبوونی هەر دوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بە دەقی یاساکان دەبینێتەوە.









